Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌دواداچوون بۆ پرسی مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایان ده‌كات

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/10/20، شاندێكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرۆکایەتیى موسلیم عبداللە قەسرێ جێگری سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیى شەمۆل ئاشتی و حەسیبە گەردی و ئاشنا عبداللە ئەندامانی لیژنەكه‌و د.مدحت سلێمان ڕاوێژکاری لیژنەكه‌، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوورى‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی زانكۆو مامۆستایانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین.
شاندی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان‌ داوایان له‌وه‌زیری دارایی كرد ‌به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشانه‌ بكات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بدات، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری دارایی به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیداو جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ئه‌وه‌ی له‌توانادابێت به‌پێی یاساو ڕێنماییه‌كان درێغی ناكه‌ن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا بابه‌تی مامۆستایانی وانه‌بێژو دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كان، گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو سازدانی ئه‌م جۆره‌ دیدارو كۆبوونه‌و‌انه‌وه‌ش به‌گرنگ و پێویست زانراو جه‌خت له‌سه‌ر ‌بوونی هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوولادا كرایه‌وه‌.