Skip to the content
Menu

پرسی به‌تایبەتكردنی كەرتی كارەبا لیژنەی وزەو وەزیری كارەبا كۆده‌كاته‌وه‌

بەمەبەستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌‌پرس و هه‌نگاوه‌كانى چۆنیه‌تیی بەتایبەتكردنی كارەبای نیشتمانی و دڵنیابوون له‌گراننەكردنی نرخەكەی لەسەر هاووڵاتییان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 2020/10/20، لیژنه‌ى وزه‌و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی گولیزار رەشید حاجی جێگری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌هۆڵی لیژنه‌ له‌ته‌لاری په‌رله‌مان لەگەڵ ئەندازیار كەمال محەمەد وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم، كۆبووەوە .
لەكۆبوونەوەكەدا وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم قۆناغەكانی چۆنیەتیی بەتایبەتكردنی كارەبای نیشتمانیی لەكەرتی گشتییەوە بۆ كەرتی تایبەت بۆ لیژنەكە روونكردەوەو وردەكاریی پرۆسەكەى خسته‌ڕوو و دڵنیایی دایە لیژنەكە كەنرخی كارەبا لەسەر هاووڵاتییان گران ناكرێت و حكومەتیش چاودێریی كۆمپانیاكان دەكات.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا چەندین پرسیارو سەرنج و تێبینی لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە ئاڕاستەی وەزیری كارەبا كراو ئەویش بەگوێرەی زانستی قۆناغەكانی گواستنەوەی كەرتەكەى لەگشتییەوە بۆ تایبەت بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، وەڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانی دایەوە.