پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لەبەغدا دەکات
ئەمڕۆ شهمه ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٠، ھێزێکی لەیاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی(٥)ی پ.د.ک یاندا کەخاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانییە لەپەرلەمانی کوردستان و لەکاتی ئەو پەلامارەشدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان سووتێنرا.
وێڕای بەتوندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارەو سووتاندنی ئاڵای کوردستان کەسومبولی گەلی کوردستانەو لەسایەیدا رۆلەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لەحکومەت و پەرلەمانی فیدرالی دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لەھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوەژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. بیانووی پەلاماردەران ھەرچییەک بووبێت، رێگهی دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی ھەبوو بۆ وەلامدانەوە.
پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتیی شەرعیی تەواوی خەڵکی کوردستان، وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانیی زۆری خۆی لەئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگه نەدات ھێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو زیان بەپێکەوەژیان و بنەماکانی دەستوورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیی عێراق بگەیەنێت.
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..
پەرلەمانی کوردستان
١٧ی ١٠ی ٢٠٢٠