Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌باڵیۆزی كۆماری هیند له‌عێراق كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2020/10/19، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له بیرنده‌ر سینگ یاداف ‌باڵیۆزی كۆماری هیند له‌عێراق و سوبهاش چاندرا كین كونسوڵی گشتیی كۆمارى هیند له‌كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌كونسوڵی وڵاتی هیند له‌هه‌ولێر كردو ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات كه‌وا متمانه‌یان به‌هه‌رێمی كوردستانه‌و نوێنه‌رایه‌تی و كونسوڵگه‌رییان تێدا كردۆته‌وه‌، كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ریی وڵاتی هیند-یش له‌هه‌ولێر جێگای بایه‌خێكی زۆره‌".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باسی شێوازی كاری په‌رله‌مانی له‌هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی هیند كراو باڵیۆزی كۆماری هیند سه‌رسامیی خۆی نیشاندا له‌ به‌شداریی كارای ژنان له‌كاری په‌رله‌مانیدا له‌هه‌رێمی كوردستان.
له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا باسی ڕه‌نگاڵه‌یی و فره‌ كلتووریی هه‌ردوو وڵات كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌وردی تیشكی خسته‌سه‌ر تواناو لێهاتوویی ژنه‌ سه‌ركرده‌ی هیندی ( ئه‌ندێرا گاندی ) و مێژووی جوان وپڕبایه‌خی وڵاتی هیند له‌ به‌شداری ژنان له‌ حوكمڕانێتیدا.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، قه‌ڵغانی په‌رله‌مانی پێشكه‌ش به‌ بیرنده‌ر سینگ یاداف باڵیۆزی وڵاتی هیند كرد، له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی وڵاتی هیند كتێبێكی مێژوویی له‌باره‌ی كۆماری هینده‌وه‌ پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد.