Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌دواداچوون بۆ چه‌ند پرسێكی گرنگ ده‌كات

نیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/10/27، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیى سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر‌ كه‌یسی ده‌سگیركردنی ڕۆژنامه‌نووس شێروان شێروانی، كه‌نزیكه‌ی 20 ڕۆژه‌ ده‌سگیركراوه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان بڕیاردرا به‌نوسراوێك داوا له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكرێت ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست بده‌ن به‌لیژنه‌كه‌و هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى و بڕگه‌و ماده‌ یاساییه‌كان بخه‌نه‌ڕوو، كه‌ناوبراو له‌سه‌ری ده‌سگیر كراوه‌.
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو بەگفتوگۆكردن له‌سه‌ر‌ فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بڕیاریداوه‌ ژماره‌ی سپاردن نه‌درێته‌ هیچ كتێبێك تا ئه‌و كاته‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند نه‌یخوێنێته‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ته‌واوی بۆ نه‌كات، ئه‌م فه‌رمانه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ تێبینیی له‌سه‌ره‌و بڕیاریاندا به‌نوسراوێكی فه‌رمی داوا بكه‌ن ئه‌م فه‌رمانه‌ ڕابگیرێت و هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ .
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ركراو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌كردنیان.