Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مە 2020/10/27، لیژنە‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیى عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌بواری په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای تاوتوێ كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌‌وه‌كه‌ ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان خوێندرانه‌وه‌ كه‌ به‌دواداچوونیان بۆ چه‌ند كێشه‌یه‌ك كردبوو و بڕیاردرا به‌نوسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكرێت.
له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ كێشه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی مامۆستایانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێندرێت و سه‌ردانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بكات، هه‌روەھا لیژنەیەکی لاوەکى پێکھێندرا بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی گرفتی قوتابیانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بۆئەوەی سەردانی ھەر سێ وەزارەتی شەھیدان و خوێندنی باڵاو پەروەردە بکەن و ئەم گرفتە چارەسەر بکەن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و سكاڵاو داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌كردنیان.