Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی گفتوگۆ له‌سه‌ر كاری رێكخراوه‌كان و گرفته‌كانیان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنى كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/10/7، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌کە كۆبووه‌وه.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباری كاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و راشیگه‌یاند: "‌بوونی رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نى رووێكی شارستانی و پێشكه‌وتنیان به‌هه‌رێمی كوردستان به‌خشیوه‌، هاوكات به‌ده‌ریش نییه‌ له‌كه‌موكوڕی و گرفت و پێویسته‌ به‌هه‌موولایه‌ك هەو‌ڵبدرێت كه‌كێشەو گرفته‌كانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چاره‌سه‌ر بكرێن و كارئاسانی بكرێت بۆ ڕیكخراوه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌ڕیكخراوه‌كان كاری خۆبه‌شی ده‌كه‌ن و قازانج نه‌ویستن".
دواتر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ سه‌رنج و تێبینی و بۆچوونى خۆیان لەسه‌ر كاره‌كانی رێكخراوه‌كانی كۆ‌مه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خسته‌ڕوو .
له‌كۆتاییدا بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێندرێت و به‌وردی به‌داواداچوون بكات و له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار دیدارو كۆبوونه‌وه‌ ساز بكات و پاشان كاره‌كانی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ بهێندرێته‌وه‌ لیژنه‌و بڕیاری پێویستی له‌باره‌وه‌ بدرێت.