پهیامى سهرۆكی پهرلهمانى كوردستان لهڕۆژی جیهانیی كچان
بهبۆنهی 11ى ئۆكتۆبهر، رۆژی جیهانیی كچان، د.ڕێواز فایهق سهرۆكی پهرلهمانى كوردستان، پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی سهرجهم كچانی كوردستان كردو تیایدا هیواخوازه كچان شێلگیرانە داکۆکی لەمافەکانیان بکەن و مکوڕبن لەسەر بەدەستهێنانی دەرفەتی یەکسان و پشت بەتواناو لێهاتوویی خۆیان ببەستن، ئهمهش دهقی پهیامهكهیه:
ڕۆژی ۱۱ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی (کچان)ە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کچان لەجیاکاریی ڕەگەزی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەگشت بوارەکاندا، ڕایگەیاندووە..
لەم ڕۆژە تایبەتەدا پیرۆزبایی لەهەموو کچانی کوردستان دەکەم، هیوادارم شێلگیرانە داکۆکی لەمافەکانیان بکەن، مکوڕبن لەسەر بەدەستهێنانی دەرفەتی یەکسان، پشت بەتواناو لێهاتوویی خۆیان ببەستن و لەبوارێکی دیاریکراودا تایبەتمەندی و پسپۆڕی وەربگرن، بەئیرادەی پۆڵایینەوە ئاستەنگەکانی بەردەمیان تێکبشکێنن، دەرفەت نەدەن کەس گرەو لەسەر تێکشکاندنیان بکات، خێزان و خوێندنگەو شوێنکارو شەقام بکەنە مەیدانی خۆسەلماندن و کێبەرکێی بونیادنەرانە.
هەر لەم ڕۆژەدا سوپاسگوزاری هەموو ئەو خێزانانەم کەجیاوازی لەنێوان کچ و کوڕەکانیان ناکەن، دەستی ئەو دایک و باوکانە ماچ دەکەم کەباوەڕو متمانەیان بەتوانای کچەکانیان هەیە، هەر ئەوان دەتوانن ژنی بەئیرادەی خاوەن کەسایەتیی بەهێز بۆ ئایندە دروست بکەن، چونکە وێستگەی یەکەمی بونیادنانی کەسایەتی بەهێزی متمانە بەخۆی، خوڵقێنەر خودی خێزانە.
لەم ڕۆژەدا دەستی باپیرم (باوکی دایکم)و باوکم و دایکم ماچ ئەکەم کەبەبێئەوەی هیچ لەبارەی ئەمجۆرە ماف و پرۆتۆکۆڵانە بزانن هەر بەسروشتی خۆیان باوەڕیان بەیەکسانی هەبوو، پشتیوانییان کردم، بەرگەی فشاری کۆمەڵگەو دەوروبەریان گرت و زەمینەی خۆپێگەیاندنیان لەنێو خێزانێکی مامناوەندەوە بۆ ڕەخساندم، دەربەستی هیچ یەکێک لەو ڕوانگەو کۆمێنتە نەرێنییانە نەهاتن کەبۆ خوێندن و بۆ چالاکی و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی و حیزبی و میدیایی ئێمە دەبوونە ئاستەنگ، ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ڕۆحی داپیرەم کەوەک قەڵا پشتیوانم بوو، نموونەی باڵام بوو، زۆر بەهێز بوو، زۆر تابیەت بوو.
د.ڕێواز فایهق
سهرۆكی پهرلهمانى كوردستان
2020/10/11