Skip to the content
Menu

پەیامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بەبۆنەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزدییەكان

به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنی جەمایێ ئێزدییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی میرى ئێزدییان و ئه‌نجوومه‌نى ڕۆحانیی ئێزدییه‌كان و خوشك و برایانی ئێزدى كرد، كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزدی، پیرۆزبایی لەمیری ئێزدیيان و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئاینی ئێزدی و سەرجەم خوشك و برایانی ئێزدیی كوردستان و هەموو جیهان دەكەین. ئێزدییەکان بەشێکی هەرە کاریگەری کۆمەڵگه‌ی کوردستانن و پێکەوەژیانی گشت پێکهاتەکان لەكوردستان نمونەیەکی هەرەگەشاوەی ناوچەکەیە، ئێزدییەکانیش پێکهێنەرێکی هەرە دیاری ئەو پێکەوەژیانەن و ئەرکمانە بیپارێزین.
جێی داخە ئێزدییەکان هەمیشە بەدوو هۆکار چەوسێندراونەتەوە، بەهۆی نەتەوەیی و ئاینی و قوربانيی زۆریان بەهۆی ئەو جیاوازییانەوە داوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵيی عێراق هەماهەنگ بن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەکانییان و گێڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و موڵکیان لەشنگال و دەوروبەری، لەڕێگەی جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستووری عێراق و دوورخستنەوەی هەر ڕەگەزێکی نائارامی و ناسەقامگیری لەزێدی ئێزدییەکان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان
2020/10/6