شاندێكی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى سه‌ردانی ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن له‌سه‌رۆكی نوێی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه، پێشنیوەرۆی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه 2020/9/9، شاندێكی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى لەپەرلەمانی كوردستان، كەپێكھاتبوو لەمه‌لا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و وەیسی سەعید وەیسی بڕیارده‌رى لیژنه‌و فه‌یسەڵ عه‌باس و زاھیر محەمەد عه‌لی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه، سه‌ردانى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كرد‌و له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌بدولڕهِ‌حمان سدیق سه‌رۆكى تازەی ده‌سته‌كه‌و ژمارەیه‌ك بەرپرسانی تری دەستەكە پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا وێڕای پیرۆزباییكردن له‌سەرۆكی نوێی دەستەكە، بەگرنگییەوە باس لەپاراستنی ژینگەو بڵاوكردنەوەی ھۆشیاریی زیاتر كرایه‌وه‌و جه‌خت لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە بۆ هه‌ر بابه‌ت و پرۆژه‌یه‌ك كه‌خزمه‌ت به‌سروشتى كوردستان و پاراستنی ژینگەی كوردستان بكات، بۆ ئەمەش ھەردوولا ھاوڕابوون بۆ ھەماھەنگی و زیاتر لێكنزیكبوونەوە.
لای خۆیانەوە شاندەكەی لیژنەی ئەوقاف ئاماده‌یى خۆیان بۆ ھەموو جۆره پاڵشتی و ھاوكارییه‌ك بۆ ده‌سته‌كه ده‌ربڕی لەپێناو بایەخی زیاتر بەپرسی ژینگە لەھەرێمی كوردستاندا.