لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ى خۆپیشاندانه‌كانی زاخۆ ده‌كات
لەدرێژەی سەردانه مه‌یدانییەکانی لیژنەكه بۆ شار‌و شارۆچکەکانی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی چاودێریکردنی رەوشی مافی مرۆڤ و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەو کێشەو گرفتانەی كه لەئەنجامی خۆپیشاندانه‌كان و توندوتیژیی نێوان خۆپیشاندەران و هێزه‌كانی پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان دروست ده‌بن، لەم هەفتەیەش بۆ هەمان مەبەست رۆژى یه‌كشه‌مه 2020/9/13، شاندێکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى كوردستان، کەپێکهاتبوو لەڕۆمیۆ هەکاری سەرۆکی لیژنەو مه‌م ئه‌سکه‌نده‌رو زکری زێباری و هیمداد صباح بلال، ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌و کامه‌ران محه‌مه‌د تاهیر راوێژکاری لیژنەكه، سەردانی شارۆچکەی زاخۆ-ى لەسنووری پارێزگای دهۆک کرد‌و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بەرێوەبەری پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ كۆبووه‌وه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له‌و ڕووداوانه كرا كه‌له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌كاتى خۆپیشاندانه‌كانى زاخۆ لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزه‌كانی پۆلیس و هێزه‌كانى ناوخۆ روویاندا.
پاشان شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی سەنتەری بەرێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی زاخۆى کرد‌و لەنزیکەوە چاویان بەکۆمەڵێک گەنجی رۆژنامەنووس و نوێنەری سەندیکای کرێکاران و نوێنەری کۆمەڵێک رێکخراوی کۆمەڵی مه‌ده‌نی کەوت و باسیان لەهۆکارو چۆنیەتیی روودانی خۆپیشاندانەکان و رووداوه‌كان و کۆمەڵێک گیروگرفتی شارەکە کرد‌و چەندین راو سەرنج و پێشنیاری بەسوود بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئاراستەی لیژنەکەی پەرلەمان کرا، کەبه‌شێكیان تایبەت بوون به‌هەموارکردنی هەندێک لەیاساکان و به‌شێكیشیان تایبەت بوون بەلایەنی ئیداریی قەزاکەو له‌لایه‌ن شاندى لیژنه‌كه‌وه لێیان وەرگیرا بەمەبەستی گەیاندنیان و چارەسەرکردنیان.
بۆ هەندێک لەکێشەکانیش لیژنه‌كه سەردانی دلشێر عبدالستار قایمقامی زاخۆ بەوەکالەتى کرد‌و لەنزیکەوە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان لەسەر کۆی کێشەو گرفت و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی گیانی خۆپیشانده‌ران کرد.
له‌ڕۆژی دووەمى سه‌ردانه‌كیاندا رۆژى دووشه‌مه 2020/9/14، شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد‌و لەلایەن عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆک و ماجد سه‌ید صالح جێگری پارێزگاری دهۆک بەوەکالەت پێشوازیی لێ‌کرا.
له‌دیدارێكدا سەرۆکی شاندەکەی پەرلەمان ئامانجی سەردانی شانده‌كه‌ى بۆ قه‌زای زاخۆ‌و پارێزگاى دهۆك بۆپارێزگار باسكرد کەبۆ بەدواداچوونه بۆ بابه‌تی خۆپیشاندانی زاخۆ کەتوندوتیژیى لێكه‌وته‌وه‌و زەروزیان بەمومتەلەکاتی گشتی و تایبەت گەیشت، هەروەها کۆی ئەو کێشەو گرفتانەو راو پێشنیارانەی کەهەبوو لەنزیکەوە گەیاندیانە بەرێزیان بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان.
لای خۆیه‌وه پارێزگاری دهۆک خوشحاڵَیی خۆی به‌و سەردانەى شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دەربڕی و ته‌ئکیدی کردەوە کەخۆپیشاندان و دەربڕینی بیروڕا بەشێوەیەکی ئازادانه‌و بەپێی دەستوورو لەچوارچێوەی یاسا‌و رێنمایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا رێگەپێدراوە، بەپێچەوانەوەش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك توندوتیژی بەكاربهێنێت بەپێی یاساکانی بەرکار لەحکومەتی هەرێمی کوردستان مامه‌ڵه‌ی لەگه‌ڵ ده‌كرێت، هەروەها پشتیوانیی كارگێریی پارێزگاكه‌ی نیشاندا بۆ كاری لیژنەکەی پەرلەمان.
دواتر شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیس و ئاسایشی دهۆکی کرد‌و لەنزیکەوە باسیان لەکێشەو گرفتەکان و هۆکارەکانی روودانی ئەو رووداوانە کرد‌و شانده‌کە دەستخۆشیان لەهێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی دهۆک کرد کەبەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکە کردووەو دانیان بەخۆیانداگرتووەو نەیانهێشتووە رووداوی دڵتەزین رووبدات و خۆشبەختانە رووداوی گیان لەدەستدان نەبووە، هەرچەندە لەو بەریەککەوتنەدا ٧٦ کەس لەئه‌ندامانى هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە، برینداربوون و دوو خۆپیشانده‌ریش برینداربوون، هه‌روه‌ها باس لەکۆمەلێک بۆچوون و پێشنیارکرا بەمەبەستی سوودوەرگرتن لێیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەمجۆره رووداوانە.
لەکۆتایی سەردانەکە مه‌یدانییه‌كه‌یاندا شاندی لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان، لەبارەگای نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لەپارێزگای دهۆک، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەده‌زگاكانى راگەیاندن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان، ئه‌نجامداو تیایدا باسیان لەکۆی کار‌و چالاکییەکانی ئەو دوو رۆژە ی سەردانە مه‌یدانییه‌کەیان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک کرد‌و رایانگه‌یاند: "دواتر سەرجەم بەدواداچوونەکان لەراپۆرتێکدا دەدرێت بەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون و به‌دواداچوون و چارەسەرکردنیان".
لەکۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییه‌کەشدا وەلامی سەرجەم پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانیان دایەوە کەتایبەت بوون بەخۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی کە لەزاخۆ روویاندا.