لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى به‌دواداچوون بۆ كێشەی قوتابیانی قوتابخانە ئیسلامییەكان ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی قوتابیانی قوتابخانه ئیسلامییه‌كان، پێشنیوەرۆی ئه‌مڕۆ سێشەمە 2020/9/22، شاندێكی لیژنەی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى لەپەرلەمانی كوردستان، كەپێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و وەیسی سەعید وەیسی بڕیارده‌رى لیژنه‌و دكتۆر ئیسماعیل سگێری ئه‌ندامى لیژنه‌كه، سه‌ردانى وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد‌و لەگەڵ دكتۆر عبدالفتاح عبدالرزاق بریكاری وەزارەت و ژمارەیه‌ك لەبەرپرسانی تری وەزارەت كۆبۆوه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەكێشەو گرفتەكانی قوتابیانی قوتابخانەو خوێندنگه‌كانی خوێندنی ئیسلامی و وەرنەگرتنیان لەزانكۆو پەیمانگه‌كان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ئه‌و كێشه‌یه كرا بەمەبەستی وەرگرتنیان لەزانكۆو پەیمانگه‌كان، چونكە بەپێی یاسا بڕوانامەی ئامادەیی ئیسلامی هاوتا كراوە لەگەڵ بڕوانامەی قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەكانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە، بەڵام ساڵانەگرفتی وەرنەگرتنیان لەزانكۆو پەیمانگه‌كان ھەیە.
لەكۆبوونهوهكهدا ھەردوولا ھاوڕاِبوون لەسەر ھەماھەنگی و زیاتر لێكنزیكبوونەوە بۆ به‌دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ى چارەسەرى گونجاو بۆ كێشەی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی و رەخساندنی ھەلی خوێندن بۆ مامۆستایانی ئاینی و بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی لەھەرێمی كوردستاندا.