لیژنەی پهروهرده بەدواداچوون بۆبابەتی پێدانی نازناوی زانستی مامۆستایان دەکات
![](/media/6623/lejney_parwarda.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132451968400000000)
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2020/9/21، لیژنەیەکی لاوەکيی لەلیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژنینەوەی زانستی، بەسەرۆکایەتی هەڵەز ئەحمەد و بە ئەندامێتی حەسیبە سەعید و فرید یعقوب ئەندامانی لیژنەو سیروان حسن شارەزای لیژنەکە، سەردانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، و لەلایەن د.ئالان حەمەسعید وەزیری پەروەردە و ڕاوێژکارانی وەزارەت پێشوازیان لێکرا.
لەکۆبونەوەیەکدا، شاندە پەرلەمانیەکە داوایان کرد، بابەتی پێدانی نازناوی زانستی چارەسەر بکرێت، و ئەوانەی شایستەن و بڕوانامەی ماستەریان بەدەست ھێناوە و کۆنمرەی پێویستیان ھەیە، ناونیشانەکانیان بگۆڕدرێت. لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم باباتەی بە شاندەکە دا.
ھەر لەکۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بەکاروباری لیژنە و ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەسپێکردنەوەی دەوامی ئەمساڵ، و کۆمەڵێک کێشەو گرفتی مامۆستایان گفتوگۆیان لەسەر کرا.