Skip to the content
Menu

لیژنەی کشتوکاڵ لەگەڵ خاوەنی کارگەکانی ساغکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە کۆدەبێتەوە

بۆ چارەسەرکردنی چەند گرفتێکی پەیوەست بەبەرهەمی پەتاتە لەناوەخۆدا، ئەمڕۆ پێنجشەمە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٠، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی کوردستان لەگەڵ خاوەنی هەرسێ کارگەی گەورەی ساغکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە (له‌یز، زین العراق، نهار الاوراد) کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەكەدا کەعەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ سەرپەرشتیی دەکردو بەیاوەریی ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنەکە چەند گرفتێکی پەیوەست بەبەرهەمی پەتاتە لەناوخۆدا بەوردی باسکراو بڕِیاری کۆبوونەوەیەکی گرنگی فراوانیش درا بۆ چارەسەرکردنیان .
ئێستا لەناوخۆدا ساڵانە ٤٠٠ هەزار تۆن پەتاتە بەهەموو جۆرەکانییەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەم سێ کارگەیەش مانگانە پێویستییان بە ٢٢ هەزار تۆن پەتاتەی جۆری پیشەسازی هەیە .
کێشەی ئەم کارگانە ئەوەیە کەئەو پەتاتەیەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمیدەهێنن، هەمووی جۆری پیشەسازی نییە، بەڵکو بەشی زۆری پەتاتەی ئاسایی خواردنی هاووڵاتییانە و بەرهەمی ناوخۆ توانای پڕکردنەوەو دابینکردنی پێداویستیی ئەو سێ کارگەیەی نییە.
دوای گفتوگۆی وردو ڕاگۆڕینەوەی لیژنەی کشتوکاڵ و نوێنەرانی ئەو سێ کارگەیەو نوێنەری بەرھەمھێنانی پەتاتە، لیژنەکە بڕیاریدا لەڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان (وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی هەرسێ کارگەکەو جووتیاران و وەبەرهێنەرانی بەرهەمی پەتاتەو نوێنەری عەلوەکان و خاوەنی ساردخانەکان) لەلیژنەی کشتوکاڵ و بەسەرۆکایەتیی لیژنەکه‌ ئەنجام بدرێ و تیایدا گفتوگۆی وردو چڕ دەکرێ لەسەر گرفتی ئەو کارگانەو کەمی بەرهەمیی پەتاتەی پیشەسازیی ناوخۆو توانای جووتیاران بۆ دابینکردنی و ئەگەرەکانی هاوردەکردنی .