Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ شه‌ش ماده‌ له‌پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش كرا

سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 3/9/2020، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (2)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌یه‌ك خاڵ پێكهاتبوو كه‌ئه‌ویش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی حوكمی ماده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار سه‌باره‌ت به‌بابه‌تی ناردنی پرسیار بۆ وه‌زاره‌ته‌كان و وه‌ڵامی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ره‌وشی ته‌ندروستی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌شارۆچكه‌ی زاخۆ خرانه‌ڕوو.
پاشان به‌پێی تاكه‌ خاڵی به‌رنامه‌ى كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌لیژنه‌ی ته‌ندروستی و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌سڵی پێشنیازه‌یاساى (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان)و راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌باره‌یه‌وه‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ى ده‌قی ئه‌سڵی پێشنیازه‌یاساكه‌، به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌جیا پێشنیازی ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ده‌قی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند نه‌خوێندرێته‌وه‌و بكرێته‌ بنه‌ماش بۆ گفتۆگۆكردنی پێشنیازه‌یاساكه‌و هه‌ردوو پێشنیازه‌كه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.
به‌مجۆره‌ راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كه‌له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ راستاندنی بۆ كرابوو، ‌ناوونیشان‌ و ماده‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ كه‌تایبه‌ت بوون به‌پێناسه‌و ئامانجه‌كان و مافه‌كانی نه‌خۆش، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ڕاپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نددا هاتبوو، به‌جیا خوێندرانه‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ خرانه‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌یاساكه‌و دواتریش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندو لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌خرایه‌ڕوو.
به‌مجۆره‌ هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌سه‌رۆكایه‌تیی به‌شى كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی كرد، پشوویه‌كی كورتی راگه‌یاندو دواتر سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، ده‌ستیپێكرده‌وه‌و ماده‌ى چواره‌م و پێنجه‌م و شه‌شه‌مى پێشنیازه‌یاساكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ڕاپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نددا هاتبوو كه‌بریتی بوون له‌مافه‌كانی نه‌خۆش، به‌جیا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ خرانه‌ڕوو و دواتریش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندو لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌خرایه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی حه‌فته‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوو به‌له‌باربردنی كۆرپه‌له‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تی دووگیان له‌كاتی نه‌خۆشیدا، له‌به‌ر هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا كه ‌بۆ گفتوگۆكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ په‌خشی راسته‌وخۆ رابگیرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌ندامان بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌تر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ قسه‌ بكه‌ن، ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو دوای گفتوگۆكردنی ماده‌كه‌ به‌چڕوپڕى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانییه‌وه‌ (ئاینی و مرۆیى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌)، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پێدانی ده‌رفه‌تی زیاتر به‌لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆڕ له‌وبواره‌و مامۆستایانی ئاینی كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.
پێًویسته‌ بووترێ مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ پاراستنی مافى نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی و له‌پێناو فه‌راهه‌مكردنی پێویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى جه‌سته‌و عه‌قڵ و ده‌روونی تاك و كۆی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنی رۆلى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌چاودێریكردن و گه‌شه‌پێدانی گیانی به‌رپرسیاریه‌تی كه‌به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنی زانیتی و پزیشكیی هاوچه‌رخدا بگونجێت.