Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك له‌ژنان و كچانی ڕزگاربووی ده‌ستی تیرۆرستانی داعش ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2020/9/13، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ژماره‌یه‌ك له‌ژنان و كچانی ڕزگاربووی ژێر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تیی پێشمه‌رگه‌ بۆ كاری مرۆیی ڕێكخرابوو، دوای به‌خێرهێنانیان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانییه‌ی كه‌به‌سه‌ر خوشك و برا ئێزدییه‌كان هاتووه‌ له‌شنگال و ده‌وروبه‌ری، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێزیدی نشینن و
ڕایگه‌یاند: "ئازارو ناسۆریی كوردانی ئێزدی خه‌م و ئازاری هه‌مووانه‌، له‌كاتێكدا قه‌ره‌بووی دۆسییه‌ی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندیی به‌حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان خۆمان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین به‌رامبه‌ر ئه‌م تراژیدیایه‌، په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ناساندنی تاوانه‌كه‌، هاوكات پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سنووری ده‌ستڕۆییه‌كانیدا به‌ده‌نگ هه‌موو داواكارییه‌كانی ئه‌و خانه‌وادانه‌وه‌ بچێت كه‌كچ و ژن و منداڵه‌كانیان ڕفێندراون له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌".
پاشان دایكه‌ شه‌مێ به‌نوێنه‌رایه‌تیی ژنان و كچانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش، به‌شێك له‌ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی ئێزدییان و كه‌سوكارو خانه‌واده‌كانیانی خسته‌ڕوو، كه‌ تاوه‌كو ئێستا كچ و ژن و منداڵه‌كانیان بێسه‌روشوێن و بێ ناونیشان ماوه‌ته‌وه‌.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جارێكی تر پاڵپشتیی خۆی بۆ داوا ڕه‌واكانیان ده‌ربڕی و هاوخه‌میی خۆی بۆ ئه‌م برینه‌ قووڵه‌یان دووپات كرده‌وه‌.