Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیی پێكهێنا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆگۆكردنی چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری په‌رله‌مان و لیژنه‌كه،‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/9/29، لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا له‌په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌ر په‌رشتیی د.ئیسماعیل سگیری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆك و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا .
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو گفتوگۆكرا له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی پاسه‌وانه‌كانی په‌رله‌مانتاران و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێنرێت و سه‌ردانی هه‌ریه‌ك‌ له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆو وه‌زاره‌تی دارایی و كاروبارى ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ كارگێڕی و داراییانه‌ی كه‌پاسه‌وانه‌كان هه‌یانه‌.
له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر هه‌یكه‌لی كارگێڕیی سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ ڕاو سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان خسته‌ڕوو و بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاترو ئاگاداربوون له‌ورده‌كاریی كاركردن و شێوازی ڕاییكردنی كاروباره‌كان، بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی دروست بكرێت و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان سه‌رجه‌م زانیارییه‌ كارگێرَییه‌كان لای لیژنه‌ هه‌بێت و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان بێت .
له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا نوسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان تایبه‌تمه‌ندێتیی پێبدرێت له‌كاتی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕیزبه‌ندیی لیژنه‌كانداو ئه‌و پێوه‌رانه‌ی دیاریكراون گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، چونكه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ كاروباره‌كانی زیاتر له‌ناوخۆی په‌رله‌مانه‌و كه‌متر ده‌رچوونی مه‌یدانی و به‌دواداچوونی هه‌یه‌و داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ڕه‌چاوی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ی لیژنه‌كه‌ بكه‌ن.