لیژنەی تەندروستی ماده‌ى حه‌فته‌می پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركى نه‌خۆشى له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆڕان تاووتوێ كرد
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2020/9/7، لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی د.سه‌باح زێباری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کەنوێنەرانی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی پەرلەمان و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەسەر مادەی حه‌فته‌می پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان کەباس لە له‌باربردنی كۆرپه‌له له‌لایه‌ن ئافره‌تی دووگیان له‌كاتی نه‌خۆشیدا ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو مەترسی بۆ سەر ژیانی دایکه‌كه دروست بکات، بۆیە له‌دانیشتنی پێشوودا كه له‌رۆژى 2020/9/3 به‌ڕێوه‌چوو، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساكه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پێدانی ده‌رفه‌تی زیاتر به‌لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆڕ له‌و بواره‌و مامۆستایانی ئاینی كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه هێنا، لەو ماوەیهشدا لیژنەی تەندروستی ڕاو سەرنجی شارەزایان و پسپۆڕانی ئاینی ئیسلام و یەکێتیی زانایانی ئاینی و لیژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئاینی و کەسایەتییە ئاینییەکانی تری لەسەر ئەم ماده‌یە وەرگرتووەو دوای گفتوگۆی نیوان بەشداربووانى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ بەدەنگی زۆرینه‌ی ئامادەبووان ڕای لیژنەكه لەسەر مادەکە له‌راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند جێگیركراو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا کەناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی (لەباربردنی منداڵ قەدەغەیە تەنھا لەکاتی ھەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی دایکی منداڵەکە، بۆ سه‌لماندنی ئەمەش پێویستیی بەڕاپۆرتی پزیشکی ھەیەو دەبێت ڕاپۆرتەکە لەدامەزراوەیەکی تەندروستیی حکومییەوە بێت و پینج پزیشکی پسپۆڕ واژۆیان لەسەری کردبێت).
ھەر لەكۆبوونهوهكهدا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و سكاڵا‌و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌ندامان و لیژنه‌كه كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه دراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.