Skip to the content
Menu

لیژنەی وزه‌و سامانە سروشتییەكان داواى دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا ده‌كات

بەمەبەستی داواكردن بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی و ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی پێشنیازەیاسای هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 2020/9/22، لیژنه‌ى وزه‌و سامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی عەلی حمە ساڵح سەرۆكى لیژنه‌و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانى لیژنەكە كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكه‌دا دەستكرا بەئامادەكردنی راپۆرت لەبارەی پێشنیازەیاسای هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق كراو له‌وباره‌یه‌وه‌ عەلی حمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی بەماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كەلیژنەكەیان ئەمڕِۆ راپۆرتی خۆى لەبارەی پێشنیازەیاساكە ئامادەكرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنەكەیان بەنوسراوی فەرمی لەرێِگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داوایان لەئەنجوومەنی باڵای هەرێمی بۆ نەوت و غاز كردووه‌ كەپێویستە بەرلەهاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەش بكەن، چونكە لەئێستادا حكومەتی ناوەندی بڕی (50) ملیۆن لیتر دەنێرێت و هەرێمی كوردستانیش پێویستیی بەبڕی (250) ملیۆن لیتره‌.
عەلی حمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كه‌نووسراویان ئاڕستەی ئەنجوومەنی باڵای هەرێمی بۆ نەوت و غاز كردووه‌ بەمەبەستی پرۆسەی تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لەگەڵ هەر پرۆسەیەكی دیكەی نەوتی لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی لەرێگەی زیادكردنی ئاشكراوە بێت.