Skip to the content
Menu

لیژنەی پیشەسازی بەدواداچوون بۆ هۆكاری داخستنی به‌شێكی زۆر له‌كارگەكانی هەرێم دەكات

بەمەبەستی به‌دواداچوون بۆ هۆكارەكانی داخستنی كارگەكانی هەرێم و پێدانی پێشنیاز به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌و پرسه‌، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممە 2020/9/8، شاندێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی عەلی حه‌مە ساڵح سەرۆكی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی گولیزار رەشید جێگری سەرۆكی لیژنەو بەختیار شوكری ئەندامی لیژنەكە، سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو لەگەڵ كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكه‌دا گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشەو گرفتانەكرا كەبوونەتە هۆكار بۆ داخستنی بەشێكی زۆری كارگەكانی هەرێم، یاخود گواستنەوەیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، هه‌روه‌ها ئه‌و گرفتانه‌ش تاووتوێ كران كەبریتیبوون لەگرانیی نرخی كارەباو نەبوونی سووتەمەنی و گرفتی زەوی، بۆیە شاندی لیژنەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی ئەوگرفتانە پێشنیازی دایە وەزیری بازرگانی و بڕیارە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەسەر ئامادەكردن و دەرچوواندنی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆیی و وەبەرهێنانی پیشەسازی كەئێستا لەئەنجوومەنی وەزیرانە كرا.