Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی پیرۆزبایی یۆبیلی زێڕین لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام دەکات

بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی یەکێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی کوردستان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کردن، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەڕێز/ سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان

بەرێزان/ ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی ئیسلام

 بەبۆنەی تێپەڕبوونی یۆبیلی زێڕین بەسەر دامەزراندنی یەکێتی زانایان، کە لە ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان و لەژێر راسپارد و رێنمایی سەرۆکی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا، گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم لە پێشەنگایەتیتان بۆ کاری چاکە و رێنوێنی کردنی خەڵک بە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و لێبوردەیی بەردەوام بن. زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، هەمیشە لە پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی بوون و سەرەڕایی فێرکردن و شیکردنەوەی بنەما ئاینییەکان، چەکیشیان لە شان بووە بۆ بەرگریکردن لە وڵات. وێڕایی ئەوەش لە کوردستان بە هیممەتی دیاری زانایان، هەمیشە کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان گرنگی زۆری پێدراوە،و بووەتە ناسنامەی هەر دیاری وڵاتەکەمان، وپێویستە هەموومان زیاتر دەستی پێوەبگرین و پەرەی پێ بدەین.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هەمیشە هەر سەرفراز و سەرکەوتوو بن.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٠/٩/٢٠٢٠