Skip to the content
Menu

پێداچوونه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌و بڕگه‌یه‌ك له‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌رو كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان په‌سندكرا

سه‌عات 1ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه ‌2020/9/8، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (3)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و ده‌نگدان له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌و بڕگه‌یه‌كی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2020 یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌رو كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان له‌هه‌رێمی كورستان-عیراق) به‌هه‌ردوو زمانی (كوردی و عربی) كه‌ به‌بڕیاری ژماره‌ (4)ی ساڵی 2020 سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌پێی حوكمی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی مادده‌ی (95) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی چواره‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌سوێندخواردنی پاڵێوراو به‌ڕێز (عمر عبدالله فتاح محمد) له‌شوێنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ (سۆران عمر سعید) به‌پێی حوكمی مادده‌ی (27) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشنیازیان كرد كه‌خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ى كار بكرێته‌ خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كارو ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌پێی بڕگه‌ی یه‌ك له‌ماده‌ى 48ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مجۆره‌ پاڵێوراو به‌ڕێز (عمرعبدالله فتاح محمد) له‌شوێنی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ (سۆران عمر سعید) به‌پێی حوكمی مادده‌ی (27) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان سوێندى یاسایی خوارد.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان)، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی ته‌ندروستی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می ئه‌و مادانه‌ى ترى پێشنیازه‌یاساكه‌ كه‌مابوون كه‌له‌دانیشتنی پێشوودا گه‌یشتبوونه‌ ماده‌ی هه‌شته‌م كه‌تایبه‌ت بوو به‌ئه‌ركه‌كانی نه‌خۆش و دوای خوێندنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردنی خرانه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌كانی (9)و (10)ى پێشنیازه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوون به‌حوكمه‌ گشتییه‌كان و ماده‌كانی (11و 12و 13و 14)ه‌ش كه‌تایبه‌ت بوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌یاساكه‌ش دوای ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند خوێندرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى خسته‌ڕوو.
پێًویسته‌ بووترێ مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ پاراستنی مافى نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانییه‌تی له‌پێناو فه‌راهه‌مكردنی پێویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى جه‌سته‌یى و عه‌قڵى و ده‌روونی تاك و كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنی رۆلى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌چاودێریكردن و گه‌شه‌پێدانی گیانی به‌رپرسیاریه‌تی كه‌به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنی زانستی و پزیشكیی هاوچه‌رخدا بگونجێت.
پاشان به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و ده‌نگدان له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌كی یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2020 یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌رو كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان) كه‌به‌بڕیاری ژماره‌ (4)ی ساڵی 2020ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌هۆی ئه‌وه‌ى پرسی گفتوگۆكردن و ده‌نگدان له‌كاتی په‌سندكردنی ئه‌و یاسایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی داخراو به‌ڕێوه‌چووبوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی ماده‌ى (9) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان پێشنیازى ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی داخراو به‌ڕێوه‌بچێت و پێشنیازه‌كه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو به‌مجۆره‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ى كه‌له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌وه‌ گه‌ڕێندرابوونه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌یان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى به‌جیا له‌گه‌ڵ رای لیژنه‌كه‌ ده‌خوێندرانه‌وه‌و ده‌خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌هه‌ندیًكیان په‌سندكران و هه‌ندێكیشیان وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌له‌یاساكه‌دا هاتبوو كه‌رای لیژنه‌ی كاروبارى یاسایشی له‌سه‌ربوو وه‌ك خۆیان په‌سندكرانه‌وه‌و مانه‌وه‌.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پرسی دواكه‌وتنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌دانیشتنه‌كاندا له‌كاتی دیاریكراوى خۆیدا باسی لێوه‌كراو له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانمان وت كه‌ئێوه‌ هه‌ندێك دره‌نگ هاتوونه‌ته‌ ناو كۆبوونه‌كه‌وه‌، به‌ڕێزان سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان پێیان راگه‌یاندین كه‌ئه‌وان پێش هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كانیان ده‌كه‌ن و ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌سه‌عاتێك پێش كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان هه‌موو فراكسیۆنه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كانیان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بزانن له‌ناو هۆڵه‌كه‌ ده‌نگ به‌چی ده‌ده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌ى به‌یانیمان ده‌خه‌ینه‌ سه‌عات 2ى پاشنیوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوكردنی بڕگه‌كه‌ى تری به‌رنامه‌ى كار".