Skip to the content
Menu

‌یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش په‌سندكراو خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میش بۆ پڕۆژه‌یاسای له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران كرا

سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 15/9/2020، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (5)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی دووه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی دووه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌دانیشتنه‌كه‌دا‌ كه‌د.ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوو، سه‌ره‌تا د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێندرایه‌وه.
به‌رله‌ده‌ستكردن به‌به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار سه‌باره‌ت به‌بابه‌تی چاكسازى و ئه‌و (67000) مووچه‌خۆره‌ى كه‌زیاتر له‌مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌به‌ڕێز نوێنه‌رى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكیدا رایگه‌یاندبوو، هه‌روه‌ها كارى ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ لێكۆلًینه‌وه‌ له‌قسه‌كانى سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ى نوێ ده‌كات له‌گه‌ڵ چه‌ندین پرسی تر خرایه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆلًینه‌وه‌ له‌قسه‌كانى سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ى نوێ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌بڕیارى به‌ڕێزان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دروستكراوه‌، ئێمه‌ مولزه‌مین به‌وه‌ی بینێرین بۆ وه‌قایع، ئیمزامان كردووه‌و ناردوومانه‌ بۆ وه‌قایع، ئه‌مڕۆش لیژنه‌كه‌ خۆی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌و ئێمه‌ وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی دڵنیابن له‌وه‌ى موتابه‌عه‌ی چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانی لیژنه‌ی به‌دواداچوونه‌كه‌ ئه‌كه‌ین و قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون بۆئه‌وه‌ى هه‌ركاتێك نه‌تیجه‌كه‌ ته‌واوبوو راپۆرتمان بۆ هات و به‌ڕێزیان كۆنووسیان بۆ هێناین ئێمه‌ نه‌تیجه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نین".
سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌ی چاكسازیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ى كه‌یاسای چاكسازی هات، له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌راوێژمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كرد بۆمان ده‌ركه‌وت به‌شێكی زۆرى ئه‌و دوو مووچانه‌ به‌یاسا كراون، به‌نموونه‌ خێزانی شه‌هیدێك مامۆستایه‌ له‌هه‌مان كاتدا خێزانی شه‌هیدیشه‌، ئێمه‌ چه‌ند فیئه‌یه‌كمان هه‌یه‌، چه‌ند چین و توێژێكمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ركراون له‌وه‌ى كه‌دوو مووچه‌یان هه‌بوو لێیان ببڕدرێت ته‌نیا ئه‌گه‌ر یاساكه‌ هه‌موار بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م 67000 (شه‌ست و حه‌فت هه‌زار)ه‌ى كه‌به‌ڕێزیان ئیعلانی كردووه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌به‌یاسا دوو مووچه‌ وه‌رده‌گرن، وه‌كو ئه‌و نموونه‌یه‌ی كه‌باسم كرد، ئه‌وا ده‌بێ ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان به‌یاسا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و شه‌ست و حه‌فت هه‌زاره‌ى كه‌باس ده‌كرێت به‌ده‌ره‌ له‌وانه‌ى كه‌ به‌یاسا دوو مووچه‌ وه‌رده‌گرن له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ بابه‌تێكی تره‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت په‌له‌ بكات له‌پاككردنه‌وه‌ى لیستی مووچه‌خۆران"، گووتیشی: "ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌ك و رێككه‌وتنێكیشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌دانیشتنی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی مالی و له‌حزوورى خۆیان كه‌سێ مانگ دوای جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ كه‌ده‌كاته‌ 1ى 10 راپۆرتێكمان بۆ بێت، كه‌راپۆرته‌كه‌مان بۆهات ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ بێگومان سه‌باره‌ت به‌و راپۆرته‌ قسه‌مان ده‌بێت له‌په‌رله‌مان و ئه‌وه‌ش یه‌كێك ده‌بێت له‌و خاڵانه‌ی بێگومان جێگه‌ی قسه‌ له‌سه‌ركردنه‌، ئه‌گه‌ر شه‌ست و حه‌فت هه‌زار كه‌س دوو مووچه‌و سێ مووچه‌ی هه‌یه‌و به‌یاساش ئه‌و دوو مووچه‌و سێ مووچه‌یه‌ وه‌رناگرن، ئه‌وه‌ ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ بكا به‌یه‌كه‌م خاڵی چاكسازیكردن".
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروسییه‌وه‌ پێشنیازكرا ‌گۆڕانكارى له‌ڕیزبه‌ندیی خه‌اڵه‌كانی به‌رنامه‌ى كاردا بكرێت و خاڵی دووه‌م بكرێت به‌خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كارو ئه‌و پێشنیازه‌شی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پشتگیریی لێكراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ته‌ندروستی و لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌، راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دانیشتنی پێشوودا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ڕوو دوای ئه‌وه‌ به‌جیا به‌سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له‌ماده‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ هه‌بوون به‌ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران.
دواتر كۆی یاساكه‌ خرایه‌ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی 70 ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكراو به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌خۆمان و له‌گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی په‌سندكردنی پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركه‌كانی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق".
مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ش بۆ پاراستنی مافى نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانییه‌تی له‌پێناو فه‌راهه‌مكردنی پێویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى جه‌سته‌یى و عه‌قڵى و ده‌روونی تاك و كۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنی رۆلى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌چاودێریكردن و گه‌شه‌پێدانی گیانی به‌رپرسیاریه‌تی كه‌به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنی زانستی و پزیشكیی هاوچه‌رخدا بگونجێت.
پاشان به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان)، كه‌ له‌دانیشتنی پێشوودا خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ چوار ماده‌ له‌پڕۆژه‌یاساكه‌ كرابوو.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌كانی (5، 6، 7، 8، 9، 10، 11، 12، 13، 14، 15، 16، 17)ى پڕۆژه‌یاساكه‌ش كه‌تایبه‌ت بوون به‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ركه‌كانى لیژنه‌ی اێكۆڵینه‌وه‌ له‌دۆسییه‌كانی له‌ئه‌ستۆكردن و بڕیارى ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌و وه‌رگرتنی بڕی پاره‌ی له‌ئه‌ستۆكراو و رێكاره‌كان و چۆنیه‌تیی وه‌رگرتنی و كۆتاییهاتنی یان گواستنه‌وه‌ى راژه‌ی فه‌رمانبه‌ر یان ئه‌ركی كه‌سی راسپێردراو به‌هه‌ر هۆكارێك و حاڵه‌تی مردنی له‌ئه‌ستۆكراو و مافى تانه‌دان له‌بڕیارى لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و پابه‌ندكردنی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند به‌گرتنه‌به‌رى رێكارى یاسایی و ده‌ركردنی رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرى دارایی و ئابوورى و كارنه‌كردن به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك كه‌ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌و یاسایه‌و پابه‌ندكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و جێبه‌جێكردنی له‌رێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی وه‌قایعی كوردستان و دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندرانه‌وه‌، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیرى هه‌رێمیش‌ بۆ كاروبارى په‌رله‌مان چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر ماده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى خرانه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند سه‌رله‌نوێ به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌وه‌ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌رى ئاماده‌ بكرێن و به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێناو رایگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات 2ى پاشنیوه‌ڕۆ كۆده‌بینه‌وه‌".