بەیاننامەیەک لە لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی کوردستان
بەداخێکی زۆرەوە ئەو ماوەیە هەواڵی کوژرانی کچ و ژنانی کوردستان لەهەڵکشاندایەو ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قووڵن، ئێمە سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتان دەکەین لەژێر هەر پاساوو بیانوویەک بێت.
هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، بەداخەوە ژنێکی گەنجی بێتاوان لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراو هەموومانی نیگەران کرد، بەڵام ئەمە تەنها ڕووداو نییە کە بەهۆی بوونی هەندێ لەعەقڵییەتی ژنکوژو بەکەم سەیرکردنی مافی ژنانەوە بەردەوام ڕوو دەدات.
ئێمە لە لیژنەی پەیوەندیدار لەپەرلەمانی کوردستان بەوردی بەدواداچوون و چاودێری بۆ کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەکەین. وێڕای پاڵپشتیی لیژنەکەمان لەهەنگاوەکانی دەسەلاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.
لەم سۆنگەیەوە ئێمە هەموو هەنگاوەکان چڕ دەکەینەوە بۆئەوەی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت) لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێت، تێیدا رێکارەکانی سزادانی تاوانبارانی کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بکرێن و ببنە بەربەست بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە نامرۆڤانەو تاوانە ناشارستانییەی کە لەلایەن هەندێ لەخاوەن هزری دواکەوتوو و بێویژدانەوە ئەنجام دەدرێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە زۆر گرنگە کە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری تەواو هەماهەنگ بین بۆ هەنگاوی کردەیی زیاتر هەریەکەو بەپێی ئەرک و دەسەڵاتی خۆی، لەپێناو رێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانەو سەروەرکردنی یاسا بۆ سزادانی بکەران.
لەهەموو ئەمجۆرە کەیسانە پێویستە حکومەت خاوەندارێتییان لێبکات، ڕێگه بەسوڵح و ڕێکكەوتنی عەشایەری نەدات، سزای توندی ئەوانە بدرێت کەتاوانی کوشتن ئەنجام دەدەن.
لەپاڵ یاسادا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئەرکی خۆیان هەڵبستن لەپەروەردەو رۆشبیری و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه، تاوەکو عەقڵییەتە ژنکوژەکان بپووکێنەوەو بوونیان لەکۆمەڵگەدا ببێتە مایەی شەرم و شەرمەزاری.
لیژنهی داكۆكیكردن لهمافی ئافرهت لهپهرلهمانی كوردستان
18ى نیسانی 2021