Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبووه‌وه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/4/13، لیژنه‌ی ده‌ستپاكی، به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌،‌ پێشوازیی كرد له‌ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وازه‌ره‌تی پێشمه‌رگه‌و هه‌ر پێنج سه‌رۆك لیژنه‌كانی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیی ژماره‌ 2ی ساڵی 2020.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ده‌ستپاكیی په‌رله‌مان ڕێكخرابوو، كه‌ئامانج لێى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون بوو له‌هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی هه‌نگاوه‌كانی یاسای چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان پرسیارو سه‌رنجه‌كانی خۆیان ئاراسته‌ی شاندی میوان كردو داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتریان كرد.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه ‌له‌هه‌مان كاتدا جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازییه‌ له‌وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م سه‌رۆك لیژنه‌كان، وه‌ڵامی پرسیارو سه‌رنجه‌كان درایه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان خسته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی و هۆكاره‌كانی هێواش جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازییان خسته‌ڕوو.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ڕاپۆرتێك ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌و ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ دران ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری پێویست.