لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ تاووتوێی هەندێ یاسای تایبەت بەمافی مرۆڤ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٤/٢١، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەکاری سەرۆکی لیژنەو ئامادهبوونی شادی نەوزادو هیمداد سەباح ئهندامانی لیژنهكهو راوێژکاری لیژنەکە، پێشوازیى لەسەڵاحەدین سدیق بەڕێوەبەری رێکخراوی هاڕتلاند ئەڵاینسی نێودەوڵەتی و ستاقی یاوەری كرد.
سەرەتا باسیان لەچەند یاسایەک کرد کەتایبەت بوون بەمافی مرۆڤ، هەروەها ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی لیژنەکە لەپڕۆژەی پاراستنی مافی مرۆڤ، کە لەلایەن کونسوڵگەریی هۆلەندا لەهەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دەکرێت و ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگیکردنە لەنێوان ئەو لایەنانەی کەپەیوەندیدارن بەچاودێریکردن و پاراستنی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا.
رێکخراوەکە داوایان لەلیژنەکەی پەرلەمان کرد کەهاوکارو هەماهەنگ بن بۆ ئەو یاسایانەی کەکاری هاوبەش لەنێوانیاندا هەیەو پاڵپشتییان بن بۆ ئەو یاسایانەی کەتایبەتن بەمافی مرۆڤ، ئەوانەی پێویستیی بەهەموارە، یان یاسای نوێیان پێویستە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری بەرنامەی عێراق بۆ رێکخراوی هارتلاند جەختی لەگرنگیی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کردەوەو داوای لەبەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد بەشداربن لەکارکردن لەنێوان دامودەزگاکانی پەیواندیدار بەمافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا.