لیژنه‌ی دارایى باس له‌گرنگیی کاركردن لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ ده‌كات
ەمڕۆ سێشەممە 2021/4/6، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری، بەسەرپەرشتیی زیاد جه‌بار سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونى جێگری سه‌رۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك لەئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكه، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
سه‌ره‌تاى کۆبوونەوەکە ئەو نوسراوانەی ئاراستەی لیژنەكه كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆكردنیان ئه‌وانه‌ی پێویسییان به‌وه‌ڵادانه‌وه هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه.
پاشان ئەو راپۆرتەی کە لەلایەن دەستەی دەستپاکی سەبارەت بەکارو چالاکییەکانی دەستەکە بۆ ساڵی ٢٠١٩، ئاراستەی لیژنەکە کرابوو خرایە گفتوگۆى له‌باره‌وه كرا‌و ئەندامان ڕاسپێردران کەسەرنج و تێبینییەکانیان ئامادە بکەن لەپێناو یەکخستنی بۆچوونی ته‌واوى لیژنەكه لەسەر ڕاپۆرتەکە.
لەتەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەكه‌دا باس لەکێشەو گیروگرفتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی کرا کە لەساڵی ٢٠٢٠ بەڕاپۆرتێك ئاراستەی پەرلەمان کراون، بڕیاردرا لیژنەكه بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتە بکات لەڕێگه‌ی ئاراستەکردنی نوسراوێك بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
هه‌ر له‌کۆبوونەوەکەدا تیشك خرایەسەر ڕاپۆرتی سێ مانگەی لیژنەی چاکسازی و یاسای چاکسازی، لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوەكه بڕیاردا لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری نوسراوێك ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسانە.
پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانیش ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا نوسراوێك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێ بۆئەوەی میوانداریى نوێنەری حکومەتى هه‌رێم له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه بکرێ تاڕوونکردنەوە لەسەر ڕێکكەوتنی نێوان بەغداو ھەرێم و ئەو میکانیزمانەی کە لەسەری ڕێکەوتوون بداته لیژنه‌كه.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا باس لەگرنگیی کارکردن لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ کرا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردا نوسراوێك ئاراستەی سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمان بکرێ بۆ ناردنی پرۆژەیاساکە له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه.