Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ تاووتوێی ڕەشنووسی هەمواری یاسای ژمارە 22 دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی ڕەشنووسی هەموارى یاساى ژماره‌ (22)ى ساڵى 2011، یاسای ماف و ئیمتیازاتى كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/13، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی ڕۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسراو و بەدواداچوونانەی لیژنەكە كردوویەتی لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوون تاووتویً كران، لەگەڵ ئەنجامی ئەو سكاڵایانەی بەئەندامانی پەرلەمان راسپێردرابوون.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ڕەشنووسی هەمواری یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 یاسای ماف و ئیمتیازاتى كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت كرا، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوو، بۆیە لیژنە بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كۆببێته‌وه‌ بەمەبەستی نووسینەوەی راپۆرتی پڕۆژە هەمواری یاساكە، دواتریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت بۆئەوەی بیخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانەوە.
هه‌ر له‌كۆبوونەوەكەدا راپۆرتی سەردانیكردنی لیژنەكه‌ بۆ دهۆك و زاخۆ كە لەسەر داوای سەرۆكایەتیی پەرلەمان بوو، گفتوگۆ لەسەر بەدواداچوونی كێشەكانی خەڵك كراو لیژنە بەپێویستی زانی لەسەردانەكانیان بۆ پارێزگاكانی هەرێم بەردەوامبن.