Skip to the content
Menu

لیژنەی كشتوكاڵ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانی نێوان كۆمەڵەی كارمه‌ندانی ڤێتەرنەری و سەندیكای پزیشكانی ڤێتەرنەری دەكات

بەمەبەستی به‌دواداچوون بۆ كێشەكانی نێوان كۆمه‌ڵه‌ى كارمەندانی ڤێتەرنەری و سەندیكای پزیشكانی ڤێتەرنەری و تاووتوێكردنی چەند پرسێكى تر، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/13، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لێژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی نێوان كۆمەڵەی كارمەندانی ڤێتەرنەری و سەندیكای پزیشكانی ڤێتەرنەری كراو لیژنە بڕیاریدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بانگهێشتی هەردوولا بكات.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی كۆبوونەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرا، سەبارەت بەوشكەساڵی و بڕیاردان لێی، له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنە بڕیاریدا نووسراوێك لەڕێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بكات بۆ پێشینەی بانكی كشتوكاڵی و لێخۆشبوون بەڕێژەی 50%و هه‌روه‌ها دواش بخرێت هاوتای بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵی، لەبەرئەوەی دۆخی جووتیارانی هەرێمی كوردستان خراپەو تووشی وشكەساڵی بوونەته‌وه‌و سن و كیسەرەش زیانێكی زۆری بەبەرهەمی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، هه‌روه‌ها لیژنەكە داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات بودجەیەك تەرخان بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی .
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر كێشەو گرفتی زەوییەكانی گوندی ئاشۆكان و دارەبەن، له‌وباریه‌وه‌ لیژنە بڕیاریدا دانیشتنێك لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەنجام بدەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا لیژنە بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لەگەڵ جووتیارانی بەردەڕەش كۆببێتەوە بەمەبەستی لەنزیكەو ئاگاداربوون لەكێشەو گرفتی زەوییە كشتوكاڵییەكانى ئه‌و ناوچه‌یه‌.