لیژنەی ڕۆشنبیری و وەزیری ڕۆشنبیری ڕەوشی میدیا تاووتوێ دەکەن
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی میدیا‌و سزادانی ژمارەیەک لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/4/19، شاندێکی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، بەسەرۆکایەتیی سەلمە فاتح سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی ڕووپاک ئه‌حمه‌دو فەیسەڵ عه‌باس، ئه‌ندامانی لیژنه‌و تارق جەوھەر ڕاوێژکاری لیژنەكه، سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى کرد‌و لەلایەن حەمەی حەمە سه‌عید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و بریكارى وه‌زاره‌ت و ئەنجوومەنی وەزارەتەوە پێشوازیی لێ‌کرا.
لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنی میدیا لەھەرێمی کوردستان بەگشتی و کەناڵەکانی تەلەفزیۆن به‌تایبه‌تى كرا، لەوبارەیەوە شاندی لیژنەكه په‌رله‌مان ئاماژەیان بەوەکرد کەوه‌كو لیژنەى رۆشنبیریى په‌رله‌مان لەگەڵ ڕێکخستنی زیاتری کاری میدیاین, بەڵام لەگەڵ داخستنی کەناڵەکان نین و بەپێویستییان زانی کەڕێکاری تر بگیرێتەبەر بۆ ئەو کەناڵانەی سەرپێچی دەکەن, نەک داخستن و ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکانیان.
هه‌روه‌ها جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی تیۆریی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی پێویستە میدیاکان ئازادانەو بەرپرسیارانە ڕۆلی خۆیان لەگەشەپێدانی کۆمەڵگه‌و خستنەڕووی بیروبۆچوونە جیاوازەکان ببینن.
شاندی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان داواشیانکرد ئەو رێنماییانەی لەساڵی 2014 لەوەزارەت دەرچوون، پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێ و بەشێوەیەک ڕێکبخرێنەوە نەبێتەهۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و داخستنی کەناڵەکان و لەگەڵ یاسای کاری رۆژنامەنووسیی ژمارە 35 یش ناکۆک نەبێت.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ھەردوولا ھاوڕابوون کەپێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەرپرسانە مامەڵە بکه‌ن و ئەو بابەت و بەرنامانەی پەخشی دەکەن لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگه‌کەمان بگونجێت و دووربێت لەبێڕێزیکردن بەئاینە جیاوازەکان لەھەرێمی کوردستاندا.
لەکۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ھەردوولا ئەمجۆرە دیدار‌و کۆبوونەوانەیان بەگرنگ وەسفکردو ھیوایان خواست کەھەماھەنگی و کاری پێکەوه‌یی زیاتر بکرێت.