Skip to the content
Menu

پەرلەمانی کوردستان دەڤەری گەرمیان بەسەردەکاتەوە

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکێشەو گرفتەکانیان لەڕووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10، لیژنەیەکی کاتيی پەرلەمانی کوردستان لەژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان و لیژنە تایبەتمەندەکان لەپەرلەمانی کوردستان كه‌ بەبڕیاری دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکهاتبوو، بەجیا سەردانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵی کرد.
لەسەردانەکەیدا لیژنه‌كه‌ چاوی کەوت بەبەرپرسانی یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی ئەو ناوچانەو لەنزیکەوە گوێیان لەداواکارییەکانیان گرت، کەخۆی لەکۆمەڵێک داواکاریی خزمەتگوزاری ده‌بینییه‌وه‌، لەوانە گرفتی ئاوو کارەباو ڕێگاوبان و پێدانی زەوی بەکەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدانی دەڤەرەکەو ناساندنی قەزای چەمچەماڵ وەک پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
پاشان لیژنه‌كه‌ لەنزیکەوە سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کردو لەلایەن بەرپرسانی یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی دەڤەرەکە، سەرجەم ئەو داواکارییانەی کەداواکاریی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بوو ئاڕاستەی لیژنەکەى په‌رله‌مان کرا.
لەلایەن خۆیانەوە لیژنەکەی پەرلەمان بەڵێنیان پێدان کە بەڕاپۆرتێک سەرجەم داواکارییەکانیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و لەڕێگەی ئەوانیشەوە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکەن و هەموو توانایەکیان بخەنەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان.