پهیامی د.هێمن ههورامی بۆ ڕۆژی ڕۆژنامهگهریى كوردی
د.هێمن ههورامی: "هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەی میدیایی و ئازادیی ڕۆژنامەوانی شانازی و نموونەیەکی هەرە دیاری هەرێمی کوردستانە"
بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی 123 ساڵهی دەرچوونی ڕۆژنامەی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لەسەرجەم میدیاکارو ڕۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم.
ئازادیى ڕۆژنامەگهری یەکێکە لەپایە سەرەکییەکانی کۆمەڵگهیەکی کراوەو دیموکرات، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی بۆ فەراهەمکردن و چەسپاندنی زەمینەیەکی ئازادانەو پڕ لەجیاوازی بۆ ڕۆژنامەوانان و ڕۆژنامەوانی بووە، یاساکانیش پشتیوانیى چەسپاندنی زیاتری ئەو مەودایە بوون. هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەی میدیایی و ئازادیی ڕۆژنامەوانی، شانازی و نموونەیەکی هەرە دیاری هەرێمی کوردستانە، پێویستە هەموومان بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە بیپارێزین، پەرلەمان بەچاودێرکردنی جێبەجێکردنی یاساکان و حکومەت بەفەراهەمکردن و پاراستنی ڕۆژنامەوانان و پشتیوانی بەردوامی ئەو فەزا ئازادەبن، ڕۆژنامەوانانیش بەپابەندبوون بەئیتیک و ئەخلاقیاتی ڕۆژانامەوانی و بنەما سەرەکییەکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی سنوورەکانی ئازادیی خەڵک، هاوکاریی زیاترى چەسپاندنی ئەو مەودا ئازادییە بن و نەبنە هۆکارێک بۆ پێشێلکاریی مافەکانی ئەوانی دیکەو پارێزەری پێکەوەژیانی ئاشتییانەو یەکڕیزی و پاراستنی بەها باڵاکان بن، فەیکنیوزو بەکارھێنانی ئامڕازەکانی میدیا بۆ شەڕی بەوەکالەت و نەھێشتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەکارھێنانێکی بازرگانییانە لەسەر حیسابی چۆنیەتی، بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاوی جیھانی، رۆژنامەنووسانی ئازیزی کوردستان دەبێت خۆیان لەوجۆرە دیاردەیە بپارێزن کەپێش ھەموو کەس لەکەدارکردنی پیشەی پرۆفێشناڵیی رۆژنامەوانییەو خودی رۆژنامەنووسانی پرۆفێشنال قوربانیی یەکەمی فەیکنیوزو ئەوانەن کە لەژێر پەردەی رۆژنامەنووسی ئەرکی دیکەی دوور لەئیتیک و کاری رۆژنامەوانی جێبەجێ دەکەن.
هاوكات لهگهڵ یادی ئهو ڕۆژهدا، پهرلهمانى كوردستان لهدانیشتنی ژماره (9)ى ئاسایی خۆیدا لهڕۆژى 2021/4/21، ڕۆژی ڕۆژنامهگهریى كوردیی دیاریكرد.
بهوبۆنهیهشهوه جارێكی تر گهرمترین پیرۆزبایی ئهم ڕۆژه لهتهواوى ڕۆژنامهوانان دهكهین، شادو سهرفرازبن.
د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
22ى نیسانی 2021