Skip to the content
Menu

په‌یامی سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان له‌ساڵیادی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی شارى قه‌ڵادزێ

له‌ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا له‌ 24ی نیسانی ساڵی 1974، ڕژێمی به‌عسى له‌ناوچوو به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌و به‌چه‌كی ناپاڵمى قه‌ده‌غه‌كراو زانكۆی سلێمانیی له‌قه‌ڵادزی بۆردوومان كردو سه‌دان شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 24ی نیسانی 1982، كه‌بۆ یه‌كه‌مین جاربوو خه‌ڵكی خۆڕاگرى ناوچه‌یه‌كی كوردستان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری به‌عسی عه‌فڵه‌قی ڕاپه‌رینییان ئه‌نجامداو له‌ئاكامدا دوو ئافره‌تی شۆڕشگێڕ به‌ناوه‌كانی (دایكه‌ ئامینه‌)و (خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر مه‌حمود) شه‌هیدبوون و چه‌ندین هاووڵاتیش برینداربوون و به‌ده‌یان كه‌سیش ده‌سگیركران.
خه‌ڵكی پشدەری خۆشەویست له‌سه‌رجه‌م شۆڕش و به‌رخودانه‌كانی كوردستان به‌شدارییه‌كی كاراو كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری و به‌رخودان بوون و شەڕەفی بەرگری و سەرفرازییان پێبڕاوە، بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێ کەزانكۆ تاقانەکەی کوردستانی لەئامێز گرتبوو، پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاساو رێساو رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌ئاست ئه‌و تاوانه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردو ئه‌م بێده‌نگییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ی زیاتری بۆ ڕژێمی به‌عس خۆشكرد كه‌پلانی گه‌وره‌تر دابڕێژێت بۆ جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان تائاستی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و شاڵاوی ئه‌نفال و بێسه‌روشوێنكردنی هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان.
دوژمنان وه‌ك هه‌میشه‌ بێ جیاوازی و به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای خاک و خەڵکی كوردستان ده‌كه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوانماندا ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا یه‌كگرتووییمان زامنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وجۆره‌ كاره‌ساتانه‌یه‌ كه‌به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتوون.
ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كه‌ین كار له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی زیاترى كه‌سوكارى شه‌هیدان بكرێت و له‌ڕووى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شه‌وه‌ خزمه‌تگوزاریی زیاتر له‌و ناوچانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی به‌عس دووچارى وێرانكارى بوون جێبه‌جێ بكرێت و هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانەو هەموو کۆمەڵکوژییەکانی دیکە لەدژی خەڵکی کوردستان بدەین، بۆئەوەی گیانی شەهیدانمان ئاسوودە بێت و قوربانییەکانیش قەرەبووی شایستە بکرێنەوە.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی بۆردوومانكردن و راپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
سەرۆکایه‌تییی پەرلەمانی کوردستان
2021/4/24