Skip to the content
Menu

راگەیاندراوی لیژنەی رۆشنبیری بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردیدا لەتاراوگە، كە لەسەر دەستی "میقداد میدحەت بەدرخان" لە "قاهیرە"ی پایتەختی میسردا دەرچوو، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان، بەڕێزەوە یادی ئه‌م ڕۆژه‌ دەكاتەوەو پیرۆزبایی لەمیدیاكارانی كوردستان دەكات.
دەركردنی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی بەناوی "كردستان"، لە 22ی نیسانی ساڵی 1898دا، وەرچەرخانێكی گەورەبوو لەمێژوی كلتووریی گەلەكەمانداو ئەم شانازییەیش بەبنەماڵەیەكی رۆشنبیرو نیشتمانپەروەری گەلەكەمان بەخشرا، كە بنەماڵەی "بەدرخان"ە.
بەرەوپێشچوونی ئاستی رۆشنبیریی هەر كۆمەڵگه‌یەك، لەبوونی زۆرترین قەڵەم و میدیای ئازادو بەرپرسیاردایە، سەرەڕای بوونی مێژوویەكی دێرین بۆ كایەی رۆژنامەگەری، كە لەم بوارانەدا گەلی كورد بەشانازییەوە سەرمەشقەو خاوەنی پاشخانێكی گەورەیە لەهەستی رۆشنبیری و نیشتمانپەروەری لەلای نوخبەی رۆشنبیران و میدیاكاران و بەمەش هاوشانی گەلانی ناوچەكە خاوەنی مێژوویەكی درەوشاوەین لەبواری رۆژنامەگەریدا.
بەم بۆنەیەوە لیژنەكەمان سەرەڕای ئەوەی پیرۆزبایی لەمیدیاكارانی كوردستان دەكات بۆ پێشوازیكردن لە 123 ساڵەی ڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی، هاوكات پیرۆزبایی لەتەواوی میدیاكاران دەكەین لەسەر دەرچوواندنی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ دیاریكردنی ئەم ڕۆژە وەكو رۆژێكی شكۆدارو ڕۆژێكی نیشتمانی بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی.
هەر بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ فراوانكردنی رووبەری ئازادیی كاری نووسین و رۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوەو داواش لەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری دەكەین بەبایەخەوە لەڕۆڵ و پێگەی میدیاكاران و ئازادیی كاری میدیایی بڕوانن، وەك چۆن پێشمەرجی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگه‌یەك لەزامنكردنی ئازادیی كاری میدیایی و بەرپرسیارێتیی میدیاییدا بەرجەستە دەبێت.
بەرزو شكۆداربێت ڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی.
رۆحی ئەو میدیاكارانە شاد بێت كە بەماندووبوون و خوێنی خۆیان ئەم كاروانەیان برەو پێدا.
لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان
22ی نیسانی 2021