وۆركشۆپێك له‌ژێر ناوونیشانی "بودجه‌ی گشتی له‌نێوان ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردن و چاودێریی په‌رله‌مانیدا" به‌ڕێوه‌چوو
به‌مه‌به‌ستی شاره‌زابوون و گفتوگۆیه‌كی ته‌ندروست له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم بۆ ساڵی 2021، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2021/4/19، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی په‌یمانگه‌ی نیشتیمانیی دیموكراتی و ڕاوێژكاری دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌هۆڵی په‌ناگیرى له‌ته‌لاری په‌رله‌مان، وۆركشۆپێكی له‌ژێر ناوونیشانی "بودجه‌ی گشتی له‌نێوان ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردن و چاودێریی په‌رله‌مانیدا"، بۆ لیژنه‌كانی (دارایی و كاروبارى ئابوورى، ده‌ستپاكی، کاروباری پەرلەمان و سكاڵا)و سەرۆکایەتیی دیوان و ڕاوێژكاره تایبەتمەندەکانی په‌رله‌مان ڕێكخست.
لەڕۆژی یەکەمی وۆركشۆپه‌كه‌دا پێناسه‌ی بودجه‌ی گشتی و بنه‌ماكان و میكانیزمی ئامه‌ده‌كردنی بودجه‌و ڕێگاكانی مه‌زه‌نده‌كردنی خه‌رجی و داهاتی گشتی و كورتهێنان و چاره‌سه‌رییه‌كان و چه‌ندیدن بابه‌تی تری په‌یوه‌ندیدار به‌بودجه خرانه‌ڕوو و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست درا به‌به‌شداربووان.
بڕیاره له دوو ڕۆژی داهاتوودا ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مان له‌كاتی گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌و چاودێریی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ی ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی و ڕاپۆرتی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان بۆ ئاماده‌بووان ڕوونبكرێته‌وه‌و زانیاریی ته‌واویان پێبدرێت بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی هاتنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتیی هه‌رێم بۆ ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان، گفتوگۆیه‌كی ته‌ندروست و زانستیی له‌سه‌ر بكرێت و هاوسه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان سێكتەرە‌كاندا ڕه‌چاو بكرێت.