Skip to the content
Menu

یاسای بەڕیوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور په‌سندكرا

سه‌عات 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه 2021/4/28، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (11)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای بەڕیوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى (كاروبارى یاسایی، شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان)ه‌وه‌، راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دانیشتنی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ى‌ سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له‌ماده‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌پێشنیازى لیژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه‌ كه‌هه‌بوون به‌ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی (74) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "پیرۆزبایى له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی په‌سندكردنی یاسای بەڕیوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق و زۆر زۆر سوپاسى لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیش ده‌كه‌ین".
‌یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور لەهەرێمی كوردستان، له‌ (34) مادده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌، مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی به‌وپێیه‌ی كه‌شوێنه‌وارو كه‌له‌پوورو شوێنه‌ مێژووییه‌كان سامانی نیشتیمانی و میراتێكی رۆشنبیری و زانستی و ناسنامه‌ی شارستانییه‌تیی مرۆڤایه‌تیی گه‌لی كوردستانن له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردن و پاراستن و ڕێگریكردن له‌بازرگانیپێكردن و له‌ناوچوون و به‌گه‌شتیاریكردنیه‌تى له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌بریتی بوو له‌خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراو سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانى كرد بۆ وه‌رگرتنى رێككاره‌ یاساییه‌كانى خۆى و به‌مجۆره‌ كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.