بەسەرپەرشتیی سەرۆكی پەرلەمان
لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی و شاندێكی باڵای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كۆبوونەوە
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢١/٨/٨، بەسەرپەرشتیی د. ڕێواز فایق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە هۆڵی پڕۆتۆكۆل لە تەلاری پەرلەمان، بە ئامادەبوونی د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان و شاندێكی باڵای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنە و كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و جێگری سەرۆكی لیژنەكە و ژمارەیەك لە ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە و سەروەر كەمال هاواری و عەلی عوسمان، بریكارانی وەزارەت و بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان ئامادەیبوون، گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەبارەی پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩٣ لە هەرێمی كوردستان-عێراق كرا.
سەرۆكی پەرلەمان باسی وەرزی تەشریعیی داهاتوو و گرنگیی بەدواداچوونی بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانە كرد و دووپاتی كردەوە كە كاری لە پێشینەی لیژنەكانی پەرلەمان بەدواداچوون و ئامادەكردنی ڕاپۆرتە بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانەی كە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی تازەی یاسادانان دەخرێنە بەرنامەی كارەوە.
دواتر وەزیری بازرگانی پوختەیەكی لەبارەی پڕۆژەیاساكە و شێواز و سیستەمی ئێستای تۆماری كۆمپانیاكان خستە ڕوو، پاشان سەرۆك و جێگرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، چەندین پرسیاریان ئاڕاستەی تیمی وەزراەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد و لەلایەن تیمی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەڵامی پرسیارەكانیان درایەوە.
لە كۆتاییدا سەرۆكی پەرلەمان هیوای خواست پڕۆژەیاساكە دیراسەیەكی ورد و پوختی لەلایەن لیژنەكەوە بۆ بكرێت بەجۆرێك كە هیچ بڕگەیەكی ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستووردا.