لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییهكان لە مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان دهكاتهوه
بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە كاری لیژنەكە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٨/٢، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە سەرپەرشتیی مەلا ئیحسان محەمەد سهلیم جێگری سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونهوەی ئاسایی خۆی ئهنجام دا.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لیژنەكه كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆرینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان بەوەڵامدانەوە هەبوو وەڵامدرانەوە، ئەوانەی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران بەمەبەستی ئاڕاستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
له تهوهرى دووهمی كۆبوونەوەكەدا بە گرنگییەوە باس لە زیاتر بەهێزتركردنی هەماهەنگی و لێكنزیكبوونەوە كرا لەگەڵ كونسوڵخانەى وڵاتان بۆ خستنەڕووی ڕەوشی پێكەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی كوردستاندا.
لە بەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا، جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییهكان لە مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان كرایهوه بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و ههروهها ستایشی ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی كرا لە وشیاركردنەوەی كۆمەڵگه.