Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی دارایی داواى به‌یان مالیی شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵی ٢٠٢١ له‌ حكومه‌ت ده‌كات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/١٧، لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابووری، به‌ سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رجه‌می ئه‌و نووسراوانه‌ى ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و دوای گفتوگۆكردنیان، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی تریش ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كران بۆ كارى پێویست.
ته‌وه‌رى دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌، قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر بودجه‌ى ساڵی ٢٠٢١ى هه‌رێم و دوای گفتوگۆكردنی، لیژنه‌ بڕیاریدا نووسراوێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكات و تێیدا داواى ئه‌وه‌ بكات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ بۆ په‌رله‌مان، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵی ٢٠٢٢ ئاماده‌ بكات، بۆئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا له‌ كاتی یاسایی خۆیدا پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت، هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١، حكومه‌تی هه‌رێم دوو به‌یان مالی بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵی ٢٠٢١ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و له‌ كۆتایی ساڵیش ژمێره‌ى كۆتایی و ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی بۆ په‌رله‌مان ڕه‌وانه‌ بكات.