Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ تاووتوێ ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٣١، شاندێكی لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ڕۆمیۆ هه‌كاری، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی گوڵستان سه‌عید، جێگری سەرۆکی لیژنە و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی دیوانی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد و له‌لایه‌ن دكتۆره‌ منی یاقۆ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ و ستافێكی ده‌سته‌كه‌وه‌ پێشوازیى لێكرا.
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ په‌یامی پیرۆزبایی خۆیان گه‌یانده‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌ی و ئاماژه‌یان به‌ گرنگیی ڕۆڵی چالاكی ده‌سته‌كه‌ كرد له‌ چاودێریكردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌دواداچوون بۆ پێشێلكارییه‌كان و داكۆكیكردن له‌ مافی هاووڵاتییان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا باسی ڕه‌وشی زیندانییه‌كان و چاكسازییه‌كان كرا و بیروڕِایان ئاڵۆگۆڕ كرد له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و پرسی سكاڵای به‌ندكراوان و ڕاگیراوان و خستنه‌ ڕووی داواكاری و چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگیكردنی هه‌ردوولا بۆ ئه‌و پرسه‌.
هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به‌ كه‌موكوڕیی هه‌ندێ داموده‌زگای حكوومه‌تدا كه‌ وه‌ك پێویست نین و له‌ كاتی خۆی وه‌ڵامی نووسراو و ڕاپۆرته‌كان ناده‌نه‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌یان ده‌كرێ تایبه‌ت به‌ به‌دواداچوونی پرسه‌كانی مافی مرۆڤ و جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت هاوكاربن و له‌ كاتی خۆی و گونجاو وه‌ڵامی نووسراو و ڕاو پرسیاره‌كانی هه‌ردوولا بده‌نه‌وه‌.
پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو له‌پێناو زیاتر هه‌ماهه‌نگیكردن له‌ نێوان په‌رله‌مان و ده‌سته‌كه‌ و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی له‌ بواری مافی مرۆڤ كار ده‌كه‌ن بۆ پرسی ڕاهێنان و چالاكیی هاوبه‌ش.
له‌كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كرد كه‌ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌وشی مافی مرۆڤ و پێشخستنی كاره‌كان و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و كاره‌كانی یه‌كتر به‌و پێیه‌ی له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن و یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌.