Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان كار له‌سه‌ر دوو پڕۆژه‌یاسای گرنگ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ر دوو پڕۆژه‌یاسای لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان و پڕۆژه‌یاسای ناوه‌ندی ئه‌رشیفی نیشتمانی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٢٣, لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه، كۆبووه‌وه.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاسای ناوه‌ندی ئه‌رشیفی نیشتمانی، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ ڕوو و بڕیار درا له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌رجه‌م پێشنیازه‌كان یه‌كبخرێن بۆئه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى بۆ بكرێت.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پڕۆژه‌یاسای لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌یاساكه‌ به‌شی وه‌رزشی لیژنه‌ ڕاسپێردرا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پسپۆڕان و شاره‌زایانی بواری وه‌رزشی، ڕاپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ بكه‌ن و له‌ دانیشتنێكی تری لیژنه‌كه‌دا كۆی ڕاپۆرته‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆئه‌وه‌ی ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وییه‌كانى له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێت و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت.