لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ دەکات
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکى گرنگی پەیوەست بە کاری لیژنەکە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٨/١٦، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بە سەرپەرشتیی عهبدولسهتار مهجید، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕِاوێژکارانی لیژنەكه کۆبووەوە.
له کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، تاووتوێ كرا و دوای ڕاگۆرینەوەی ئەندامان، لیژنە بڕِیاریدا پڕۆژەیاساکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەدا باس لە پارەی گەنمی جووتیارانى ھەرێمی کوردستان کرا و بۆ بەدواداچوونى ئهو پرسهش لیژنە بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبھێنێت بۆ سەردانیکردنی بەغدا.
کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکەش قسەکردن بوو لەسەر کێشە و گرفتی جووتیارانی دەڤەری کفری و جەبارە، پەیوەست بەو پرسە لیژنە بڕیاریدا سەردانی مەیدانیی بۆ ئەو دەڤەرانە بکات بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.