Skip to the content
Menu

دوو ڕاوێژکاری حکومەت بۆ پرسی مادده‌ی ١٤٠ سه‌ردانی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستى دروستكردنی هه‌ماهەنگی له‌ نێوانیاندا بۆ پرسی ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و چۆنیه‌تیی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٢٣، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، به‌ سه‌رپه‌رشتیی جوان یونس ڕۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی حكومه‌تی هه‌رێم دژوار فایق، سەرۆکی بۆردی دۆسییەی ماددەی ۱٤٠ و ڕێبوار تاڵه‌بانی ، جێگرى سه‌رۆكی بۆرده‌كه‌ ڕاوێژکارانی حکومەتی هەرێمی کورستان، كه‌ تازه‌ له‌ پۆسته‌كانیان ده‌ستبه‌كاربوون، كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ردوولادا كرایه‌وه‌ و پلانی گونجاو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک به‌مه‌به‌ستی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم خرایه‌ ڕوو و لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لیژنە چەند پێشنیازێکی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ خستەروو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتی ڕاوێژکارانی سەرۆکی حکومەت و چۆنیەتیی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو مادە یاساییانەی پەیوەندیدارن بەو ناوچانە تاووتوێ كران.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خرایه‌ ڕوو.