Skip to the content
Menu

په‌رله‌مان و حكومه‌ت دۆخی په‌نابه‌رانی كورد له‌ لیتوانیا تاووتوێ ده‌كه‌ن

بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربوون لە کار و ڕاپۆرتەکانی نوێنەراتییەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی ھەرێم و تاووتوێكردنى دۆخی پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٨/١٨، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بە سەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕِاوێژکارانی لیژنەكه‌، پێشوازیی لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم و شاندێكی یاوه‌ری کرد.
لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا کە لە ھوڵی پەناگیری لە ته‌لاری پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆکی لیژنە باسى لە ڕاپۆرتەکانی نوێنەراتییەکانی حکومەتی ھەرێم کرد و داوای كرد كه‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ڕاپۆرتی وەرزیی نوێنەراتییەکان بۆ لیژنەكه‌ ڕه‌وانه‌ بكات بۆئەوەی لیژنه‌كه‌ زیاتر ئاگاداری ئەرک و چالاکیی نوێنەراتییەکانی حکومەتی ھەرێم لە دەرەوە بێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، قسەکردن بوو لەسه‌ر دۆخی پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا، سه‌باره‌ت به‌و پرسەش سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی لیژنەكه‌، رئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە بۆیان ئاشکرا بووە کە بار و گۆزەرانی پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پێداویستییەکانی ژیان لەو وڵاتەدا لەوپەڕی خراپی دایە، بۆیە لیژنەكه‌ داواىان لە بەرپرسی فەرمانگەى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كرد کە له‌ ڕێگه‌ی نوێنەراتییەکانی حکومەتی ھەرێم لە دەرەوە ھەموو ھەوڵێكی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەنابەرانی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا.
لای خۆیانه‌وە به‌رپرس و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى ده‌ره‌وه‌، بەڵێنی ئەوەیان بە لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان دا کە ھەرچی پێویست بێت بۆ باشترکردن و چارەسەرکردنی دۆخی ئەو پەنابەرانە ئەنجامی دەدەن.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خرایە ڕوو.