Skip to the content
Menu

پەیامی لیژنەی کاروباری شەهیدان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر یادی تاوانی ئەنفالی بادینان دا تێدەپەڕێت، وەک ئەڵقەیەکى دیکەى زنجیرە تاوانە نێودەوڵەتییەکانى کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەرامبەر بە گەلى کوردستان ئەنجامدران، بە کوشتنى هەزاران دانیشتووى سڤیل و سووتماککردنى سەدان گوندى دەڤەرى بادینان و وێرانکردنیان.
جێگه‌ى ئاماژەیە ئەم تاوانەى ڕژێمى بەعس و گشت تاوانەکانى دیکەى کە بەرامبەر بە گەلى کوردستان ئەنجامى داون، تاوانى نێودەوڵەتین و بەرپرسیارەتییان بۆ دەوڵەتى عێراق ماوەتەوە.
لەو سۆنگەیەشەوە، لە سەکۆى ئەم یادە خەمناکەدا، وەکو لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین، هەرچی زووە بەپێی دەستوور بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەستێت و قەرەبووی کەس و کاری قوربانیانی ئەو تاوانانە بکاتەوە، کار بکات بۆ ساڕێژکردنى برینەکانیان و ناوچەکانیان ئاوەدان بکاتەوە و لە ئازار و کێشەکانیان کەم بکاتەوە، تاوانباران لە هەرکوێیەک بن بەسزا بگەیەنێت، وەک گەرەنتییەکیش بۆ دووبارەنەبوونەوەى تاوانى لەو چەشنە لە بەرامبەر گەلى کوردستان، ببێتە ئەندام لە دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى.
لێرەوە سەرى ڕێز و نەوازش بۆ قوربیانى ئەو تاوانە و گشت تاوانەکانى دیکەى بەعس کە دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دراون دادەنوێنێن.
لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/٨/٢٥