شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی كونسوڵخانەی میسر له ههرێمی كوردستان دەكات
بەمەبەستی پتهوتركردنی پهیوهندییهكان و تاووتوێکردنی چەند پرسێک، دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢١/٨/١٥، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كە پێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محهمهد سهلیم، جێگری سەرۆکی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنەكه و ظاھر محەمەد عهلی و فهیسەڵ عهباس عهوڵا و د.ئیسماعیل سگیڕى، ئەندامانی لیژنەكه، سەردانی كونسوڵخانەی كۆماری میسر لە ههرێمی كوردستان کرد و لهلایهن محەمەد ئهحمهد وجیە حجازی، كونسوڵی كۆمارى میسر لە ھەرێمی كوردستان پێشوازیى لێكرا.
له دیدارێكدا باس لە پەیوەندییە لەمێژینەكانی نێوان گەلی كوردستان و كۆماری میسر كرا كە مێژوویهكی درێژی ھەیە، ھەر لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی "کوردستان" لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاھیرەی پایتەختی میسر و دۆستایەتیی جەنابی بارزانی نەمر و خوالێخۆشبوو جهمال عهبدولناسر و لە قۆناغەكانی تریشداھەر لەم سونگەیەوە بوو لیژنەی ئەوقاف بە پێویستی زانی زیاتر پەیوەندییەكانی فراونتر بكات لەگەڵ كونسوڵخانەی وڵاتی میسر.
ھەر له دیدارهكهدا بە گرنگییەوە باس لە پێگەی ئەزھەر كرا وەك ناوەندێكی ھەرە دیاری ئاینی لە جیھانی ئیسلامیدا لەم ڕووەوەش گەڵاڵەی چەند پێشنیارێك كرا بۆ ئەنجامدانی چالاكیی ھاوبەش لە نێوان دامەزراوە ئاینییەكانی ھەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر بەمەبەستی زیاتر خزمەتكردنی ڕەوشی ئاینی و پێكەوەژیان.
لە بەشێكی دیكهی دیدارەكەدا باس لە ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتی میسر كرا لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی و بڵاوكردنەوەی پەیامی میانڕەوی.
لای خۆیەوە كونسوڵی وڵاتی میسر، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەردانەكە و جەختی لەسەر ھەماھەنگی و لێكنزیكبوونەوەی زیاتری نێوان ھەردوولا كردەوە و دڵنیایی دا ھەموو ھەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كورد و گەلی میسر بۆ پاراستنی مێژووی ھاوبەشی نێوانیان.
ھەروەك ستایشی كلتووری پێكهوهژیانی خهڵكی كوردستانى كرد و ڕایگهیاند: "ئهو پێكهوهژیانه ڕهگ و ڕیشهی مێژوویی ههیه و تایفهگهری و دهمارگیریی ئاینی و نهتهوهیی، نهیتوانیوه له كوردستان هیچ جێیهك بكاتهوه، چونكە لە كوردستان ھەموو پێكھاتەكان له مرۆڤایهتیدا برای یهكترین"، دەستخۆشیشی لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم كرد بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.