Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییە ناوداره‌كانی عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/٢٣، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییە ناوداره‌كانی عێراق- لقى هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسى له‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان گه‌لى كورد و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ جیاوازیی ئایدیا و ئاین و ڕه‌گه‌ز كرد و ڕاشیگه‌یاند: "كورد وەک ھەمیشە بڕوای به‌ درێژه‌دان به‌ په‌یوه‌ندیی برایەتی هه‌یه‌ و زۆریش هه‌وڵیداوە ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان كار نه‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌، كه‌ پێمان وایه‌ زۆر پته‌ون، ھەروەھا به‌رپرسیاریه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ئالنگارییانه‌ى كه‌ ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی گه‌لانی عێراق ده‌بنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئەستۆی ھەمووان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌بژێرى كۆمه‌ڵگه‌، له‌وانه‌ شێخ عه‌شیره‌ته‌كان و مامۆستایان و مامۆستایانی زانكۆ و زانایانی ئاینی ئیسلامى و مه‌سیحی و ئاینه‌كانی تر به‌ جیاوازیی تایفییه‌وه‌، گووتیشی: "ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ ده‌ستوورى و ئه‌خلاقىیه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئەستۆی ھەمووان زۆر گه‌وره‌یه‌ و ئه‌مانه‌تێكشه‌ و ده‌بێت بیپارێزین، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن له‌لایه‌ن كه‌سانی باش به‌رز ده‌نرخێنین".

دواتر ئەندامانی شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمه‌ و تێڕاوانینه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشان به‌رامبه‌ر به‌و پرسانه‌ی كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس كران به‌رز نرخاند.