Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ كونسوڵی گشتیی كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ كرد
د. ڕێواز فایق: "ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری و بووژانه‌وه‌ی بازاڕ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی ئه‌م خوله‌ ده‌بن"

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٨/١٧، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ كلێمنس زێمتنه‌ر، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا باسی دوایین هه‌نگاوه‌كانی وه‌رزی نوێیی یاسادان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و بووژانه‌وه‌ی بازاڕ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ به‌رهه‌می خۆماڵی، له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت، هاوكات باسی به‌شێك له‌و یاسایانه‌ی كرد كه‌ له‌ وه‌رزی یاسادانی ڕِابردوودا په‌سند كراون و دووپاتی كرده‌وه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا بنچینه‌یه‌كی پته‌و بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی سێكته‌ره‌ ئابوورییه‌كان داده‌نێن، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕزگاری بێت له‌وه‌ی كه‌ ته‌نها كه‌رتی نه‌وت بكاته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهات.
لای خۆیانه‌وه‌ كلێمنس زێمتنه‌ر، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان، پشگیریی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌ باشه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ پاش كۆنتڕۆڵبوونی په‌تای كۆڕۆنا له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، په‌یوه‌ندی دروست بكرێت له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ، بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون و سوود بینین له‌ شێوازی كاركردن و یاساداناندا.