Skip to the content
Menu

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێنجه‌مین دیدارى لووتكه‌ی ژنانی سه‌ركرده‌ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/١٤، به‌ ئاماده‌بوونی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و منى نبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان، له‌ ژێر درووشمى "له‌پێناو به‌هێزتركردنی پێگه‌ی ژن له‌ ناوه‌ندى بڕیار و به‌شداریكردن له‌ بونیادنانی ئاشتی-دا"، پێنجه‌مین دیدارى لووتكه‌ی ژنانی سه‌ركرده‌ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ دیداره‌كه‌دا چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌چوو، ‌له‌وانه‌ كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ١٠ ساڵ كاركردنی گرووپی ئاشتیی ژنانی سه‌ركرده‌ له‌ كوردستان، ھەروەھا نمایشكردنی فیلمێك ده‌رباره‌ى ١٠ ساڵ تێكۆشانی گرووپی ئاشتیی ژنانی سه‌ركرده‌.
ھەر لە میانی دیدارەکەدا، پانێڵى پڕۆژه‌ی گرووپی ئاشتیی ژنانی سه‌ركرده‌ بۆ زامنكردنی زیادبوونی ڕێژه‌ی ژن له‌ ناوه‌ندى بڕیار له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پانێڵی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ژن له‌ چه‌سپاندنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوه‌ی پانێڵەکاندا دید و تێڕوانینی خۆی لەبارەی دۆزی ژنان بە گشتی و چەندین بابەتی پەیوەست بە یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانی خستە ڕوو، جەختیشی له‌وه‌ کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی ھەموو جۆرە دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ ھەموارکردنەوە و دەرکردنی ھەر یاسایەکی نوێش کە لە بەرژەوەندیی مافەکانی ژناندا بێت، گووتیشی: "ئەرکی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانە، کە بە پڕۆژە و پێشنیارەکانیان بەشداریی کارا بکەن لە داڕشتن و نووسینەوەی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان.
منى نبی قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانى كوردستانیش لە پانێڵی یەکەمی دیدارەکەدا کە لەلایەن خاتوو ئامینە زکری بەڕیوەچوو، بەشداریی کرد و چەندین بابەتی گرنگى لەبارەی دۆزی ڕەوای ژنان و ڕۆڵی په‌رله‌مانى كوردستان لە پشتگیریکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان خستە ڕوو و ئامادەیی پەرلەمانیشی بۆ دەرچوواندنی یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاساکانی پێشووتر بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە ناوەندەی بریار و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و بەشداریکردنیان لە جومگەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەربری.