له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
یادی كۆچی دوایی خاتوو دانیال میتران به‌رز ڕاگیرا و پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی-یش خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا
سه‌عات ١٢ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢١/١٢/٧، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١٠)ى ئاسایی خولی پایزه له ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سەره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ناوى خوا و گه‌لی كوردستان و ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به بێده‌نگی بۆ ڕۆحی به‌رزه‌فڕی شه‌هیده قاره‌مانه‌كان، به تایبه‌ت شه‌هیده‌كانی ئه‌مدواییه‌ی خدر جیجه و قه‌ره‌چووغ و قه‌ره‌سالم، دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه و به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه به‌خێرهاتنی ژیلبێرت میتران، كوڕی خاتوو دانیال میتران و مسته‌فا سه‌ید قادر، جێگرى سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان و سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ریك شۆڤالیێ، باڵیۆزی كۆمارى فه‌ره‌نسا له عێراق و ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆمارى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م میوانان كرد.
پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه خوێندرایه‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌مى به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه كه له دوو بڕگه پێكهاتبوو له‌ژێر ناوونیشانی بەبۆنەی یادی دە ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد خاتوو (دانیال میتران)، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له وته‌یه‌كی كورتدا ڕایگه‌یاند: "مه‌ڕاسیمی پڕۆتۆكۆلیی ڕێزلێنان له خاتوو دانیال میتران، دۆستی دێرینی گه‌لی كوردستان، به هاوئاهه‌نگی له‌نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و كونسوڵخانه‌ی كۆمارى فه‌ڕه‌نسا له هه‌ولێر و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ڕێكخراوه و ئامانج له ڕێكخستنی ئه‌م مه‌ڕاسیمه پڕۆتۆكۆلییه بۆ ڕێزلێنانه له هه‌ڵوێستی مه‌ردانه و دڵسۆزانه‌ى خاتوو دانیال میتران به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردستان له قۆناغه سه‌خته‌كانى خه‌باتی گه‌له‌كه‌مانه"، گووتیشی: "به‌ڕێزیان یه‌كێك بووه له‌و دۆستانه‌ی گه‌لی كوردستان كه له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان، جگه له‌وه‌ى ئاماده‌بووه له هۆڵی په‌رله‌مان له دانیشتنی ئاشته‌وایی، هاوكات وته‌یه‌كی له‌م په‌رله‌مانه پێشكه‌ش كردووه، هه‌ر به‌ڕێزێك له ئێوه گوێبیستی وته‌كانی به‌ڕێزیان بووبێت تێده‌گا كه چ ڕوئیایه‌كی جوان و چ خه‌ونى گه‌وره و چه‌ند به گرنگییه‌وه له ئه‌زموونی گه‌لی كوردستانی ڕوانیوه، بۆ ڕێزلێنان له به‌ڕێزیان و بۆ به‌رز راِگرتنی ئه‌و كه‌لتووره ئه‌و یاده‌وه‌رییه، ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌ت ئه‌ده‌ین به كوڕی به‌ڕێزیان به‌ڕێز ژیلبێرت بۆئه‌وه‌ى وته‌یه‌ك له‌به‌رده‌می په‌رله‌مانى كوردستاندا پێشكه‌ش بكات".
پاشان بەڕێز ژیلبێرت میتران، له وته‌یه‌كدا سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و بانگهێشته و پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌ك له دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕاشیگه‌یاند: "ئێره كه په‌رله‌مانی كوردستانه له ساڵی ١٩٩٢ به ئاماده‌بوونی دانیال میتران دامه‌زرا و دواتریش له ساڵی ٢٠٠٢ له دانیشتنی كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی ئاشته‌وایی جارێكی تر پێشوازیی لێكرا، له ساڵی ٢٠٠٩ ش ده‌رفه‌ت به دانیال میتران درا بۆئه‌وه‌ى كه وته‌یه‌ك بۆ په‌رله‌مانتاره هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌و شوێنه‌ی كه ئێستا منی تێدام پێشكه‌ش بكات".
هه‌روه‌ها سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و ڕێزه‌ی كه لێی نراوه و له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه ئه‌و ڕێزلێنانه گه‌وره‌یه‌ی كه گه‌لی كورد به دایكیی به‌خشیوه به‌بۆنه‌ی یادی ١٠ ساڵی كۆچی دواییان و خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕى به پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستاندا.
ڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند و ڕاشیگه‌یاند: "سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌كان و خانه‌واده‌كانیان، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و خانه‌وادانه‌ی كه ئه‌مڕۆ تازیه‌بارن بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه سیڤیله‌ی كه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا شه‌هید بوون، ئه‌وانه له‌ناو دڵی ئێمه‌ن".
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا باسی له هه‌وڵ و ڕۆڵ و یارمه‌تییه‌كانی خاتوو دانیال میتران كرد له خزمه‌تكردن به گه‌لی كوردستان و دۆزی ڕه‌وای گه‌لى كورد و ڕاشیگه‌یاند: "ئێوه چرایه‌ك بوون بۆ دانیال میتران و ده‌كرێ ببنه چرایه‌كیش بۆ چه‌ندانی تر، ده‌وترێت كورد هیچ دۆستێكی نییه جگه له چیاكان، ده‌بێ بزانن كه برا و خوشكی زۆرتان هه‌ن له سه‌رتاسه‌ری جیهان"، داواشی له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كرد كه یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كگرتوو بن.
پاشان مسته‌فا سه‌ید قادر، وتارى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی خوێنده‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاند: "ناو و ناوبانگی خاتوو دانیال میتران وەک داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ و دۆستی دڵسۆزی گەلی کوردستان، هەر زیندووە و بە زیندووییش دەمێنێتەوە، بە تایبەت ناوبراو لە ساڵە سەختەکانی سەدەی ڕابردوو دەنگی ڕاستی‌بێژ و هەقبێژی ئێمە بووە بۆ دنیا و چاوی ویژدانی مرۆڤایەتی بووە لەسەرمان".
ئەوەشی خستە ڕوو كه خاتوو میتران ڕۆڵی کاریگەری بینیوە لە پتەوکردنی دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی فه‌ڕەنسا و هەرێمی کوردستان و گووتیشى: "گەلەکەمان هەرگیز هەڵوێستی دۆستانەی سەرۆک میتران، سەرۆک هۆڵاند و سەرۆک ماکرۆن، لە ساتە هەستیارەکاندا لەیاد ناکات و بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لێیان دەڕوانێت، هەروەها دایکی کوردستانییان و خانمی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و مافه‌كانى گەلی کوردستان، بۆ هەتاهەتایە به زیندویى له یاده‌وه‌ریى خه‌ڵكى كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه".
پاشان وتارى سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه خوێندرایه‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاند: "شەڕەفمەندین ئەمڕۆ لێرە بە ناوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدار دەبین لە یادى ١٠ ساڵەى کۆچى دوایی دۆستى هەرە نزیکى گەلەکەمان خاتوو دانیال میتران".
گووتیشی: "بێگومان گەلی کوردستان هیچ کات ڕۆڵی مرۆڤدۆستانەی خاتوو دانیال میتران، کە بە دایکی کورد ناسراوە و سیاسەتی بوێرانەی هاوسەرەکەی فرانسوا میتران، سەرۆکى پێشووترى فەڕەنسا بۆ پشتگیرى لە دۆزى ڕەواى گەلەکەمان لە بیر ناکات و ئەم یادکردنەوەیەش وەفایەکە بۆ هەموو ئەو یارمەتى و پشتگیرییانەى بە درێژایی تەمەنیان پێشکەشى گەلەکەمانیان کرد".
دواتر به‌پێی خاڵی دووه‌مى به‌رنامه‌ی كار، كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، كه هه‌ریه‌ك له بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێریی، كه له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه، ناوونیشان و ماده به ماده و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژه‌یاساكه خوێندرانه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه ده‌خرانه ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده بكرێت، له‌لایه‌ن وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو-یشه‌وه ڕوونكرده‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ده‌خرایه ڕوو.
به‌مجۆره د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆتایی به دانیشتنه‌كه هێنا و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه سبه‌ی سه‌عات ١١ى پێشنیوه‌ڕۆ درێژه به دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین.